یەكێتییەكان لەسەر كۆنگرە و پلنیۆم ساخ نابنەوە

"دەمانەوێت كۆنگرە چارەسەری ریشەیی كێشەكانمان بكات"

K24 - سلێمانی

جارێكی دیكە باس و خواسی بەستنی كۆنگرە ناو ئۆرگانەكانی یەكێتی گەرم دەكاتەوە، بەڵام بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی رایانوایە، كە دەبێ پێش كۆنگرە پلنیۆم ببەستن، بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە كە تەنھا كۆنگرە دەتوانێ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی چارەسەر بكات.

لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "چەند بۆچوونێكی جیاواز لەنێو یەكێتی ھەن، بۆچوونێك پێی وایە كە پێش ھەڵبژاردن پلنیۆمێك بكرێت و تێیدا بڕیار لەسەر رۆژی كۆنگرە بدرێت، لەبەرامبەردا بۆچوونێكی دیكە دەڵێت، واباشترە پێش ھەڵبژاردن كۆنگرە بكرێت".

گوتیشی: "بۆچوونەكان تاوتوێ دەكرێن و كامەیان باشتربێت ئێمە لەگەڵ ئەوەدەبین، بەڵام بە گشتی ئەندام و كادیرانی یەكێتی لەگەڵ ئەوەدان كۆنگرە بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە كۆنگرە چارەسەری ریشەیی بۆ كێشەكانی خۆمان بكەین".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ھاوسەری مام جەلال سكرتێری گشتی كۆچكردوی حزبەكە، كە ھاوكات بە سەرپەرشتیاری باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی ناودەبرێت، پێشنیازی كردبوو كە لە مانگی سێی رابردوو كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێت، بەڵام بەھۆی كێشەناوخۆییەكانی یەكێتی نەیتوانی كۆنگرە ببەستێ.

ھ.م