400 منداڵی كه‌مپێكی نزیك هه‌ولێر رۆژی جیهانی منداڵانیان به‌بێ نازی دایك و باوك به‌ڕێكرد

ده‌زگای خێرخوازی بارزانی 400 منداڵی بێ دایك و باوك له‌ كه‌مپه‌كه‌ به‌خێوده‌كات

K24 - ھەولێر

لە رۆژی جیھانی منداڵان لە زۆربەی وڵاتان ئەو یادە بە چالاكی جۆراوجۆر بۆ دڵخۆشی منداڵان رێكدەخرێت، لە ھەرێمی كوردستانیش جگە لە شار و شارۆچكەكان لە كەمپی ئاوارەكانیش ئاھەنگ بۆ منداڵانی ئاوارە بەڕێوەچوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە نزیكەی 400 منداڵی ئاوارەی مووسڵ لە كەمپێكدا بێ دایك و باوك دەژین.

منداڵانی نیشتەجێی كەمپی حەسەن شام، وەك منداڵانی دیكە رۆژی جیھانی منداڵانیان بە یاری و ھەڵپەڕین و وەرگرتنی دیاری بەڕێكرد، بەڵام نزیكەی 400 منداڵ كە بەھۆی شەڕی داعشەوە دایك و باوكیان لەدەستداوە و لەو كەمپە دەژین. لەو رۆژەدا ھەست بە بۆشایی نەبوونی دایك و باوك دەكەن و دەڵێن ناتوانین بێ دایك و باوك دڵخۆش بن. ئەوان رەنگە زەرەرمەندترین كەسی شەڕی داعش بن لە عێراق، تائێستا جگە لە دەزگای خێرخوازی بارزانی كەس خۆی بە خاوەنیان نازانێت.

مریەم یەكێكە لەو منداڵانە بێ دایك وباوكانەی كەمپی حەسەن شام، ئەو بە ھەستی منداڵانە و چاوی بە گریانەوە بە كوردستان24 گوت: "ئێستا كە دایك و باوكم لەگەڵ نین، چۆن لەم بۆنەیە دڵخۆش بم، بەڵام ئەو جەژنە لە ھاوڕێكانم پیرۆز دەكەم".

منداڵێكی دیكە بەناوی رووقیا، كە بەبێ دایك و باوك لەو كەمپە دەژیت ئەو دەڵێ: "ئەندامانی خێزانەكەمان ھەموویان كەوتوونەتە ژێر باڵەخانە داڕماوەكانی مووسڵ و مردون و خوشك و برام نییە، لەوكاتەوە دڵخۆش نیم چونكە بە تەنیام".

ئه‌بو هومام، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای خێرخوازی بارزانی بە كوردستان24 راگەیاند: "وەك دەزگای خێرخوازی بارزانی، زۆرجار ئاھەنگ و مەراسیم بۆ منداڵانی كەمپ رێكدەخەین بەتایبەتی لە رۆژی جیھانی منداڵان، بۆ ئەوەی دڵخۆشیان بكەین".

ھ.م