"ھێزەكەی ئەمریكا بە رێككەوتن ھاتووەتە چیای شنگال"

ھێزەكانی عێراق لە پاراستنی شنگال شكستیان ھێناوە

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی دوێنێ ھێزێكی ئەمریكی گەیشتە سەر چیای شنگال، قایمقامی شنگال رایدەگەیەنێت، ھێزەكانی عێراق لە پاراستنی شنگال شكستیان ھێناوە و ھاتنی ئەو ھێزەی ئەمریكاش بۆ شنگال بە رێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی عێراق.

مەحما خەلیل، قائیمقامی شارۆچکەی شنگال بە کوردستان24 راگەیاند: "حکوومەتی عێراق لە پاراستنی سنووری شارۆچکەی شنگال لە تیرۆر شکستیهێنا، هەروەها بەپێی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی بەغدا و هاوپەیمانان، هێزێکی ئەمریکی لەو شارۆچکەیە نیشتەجێکراوە".

گوتیشی: "هاتنی ئەو هێزەی ئەمریکا دەبێتە هۆکارێك بۆ رێگریکردن لە خواستەکانی ئێران و حەشدی شەعبی بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو ناوچەیە".

قائیمقامی شنگال ئاماژەی بەوەشدا: "بەپێی دەستوور شنگال لە سنووری ماددەی 140ە دەبێت بە هاوبەشی بەڕێوەببردرێت".

 

پێشتر جه‌لال خه‌لۆ، جێگری قائیمقامی قه‌زای شنگال، به‌ په‌یامنێری كوردستان 24ی راگه‌یاندبوو: "دوێنێ 15 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتوونه‌ته‌ چیای شنگال و له‌ نزیك لووتكه‌ی (میرا)ی زنجیره‌ چیاكه‌ جێگیر بوونه"‌.

راشیگه‌یاند: "ئه‌و هێزه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا هاتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و ئامادەکاری بۆ درووستکردنی بنکەیەکی سەربازى ده‌كه‌ن".

ھ.م