یەكێتی و گۆڕان دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكەن

گۆڕان پۆستەكان جێناھێڵێ

K24 - سلێمانی

دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی كوردستان، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆرخراپ، ھەر ئەمەش وایکردووە کە گرفت دروست بکات بۆ ئەو رێكکەوتنەی کە کراوە لە سەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی، بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە تا ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پارێزگاکان، گۆڕان لە پۆستەکانی بەردەوام دەبێت و ێكکەوتنە ستراتیژیەکەی نێوانیان جارێ ھەڵپەسێردراوە.

تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە 12 ئاری 2018 پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی بردە ئاستێکی ھێندە خراپ کە باس لەوە دەکرێت ساڵی 2009ش پەیوەندییەکانی ئەو دوو لایەنە ھێندە خراپ نەبووە، پاش ئەم رووداوانەش پرسی کشانەوە یاخود پێداچونەوە بە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی لە لایەن گۆڕانەوە زیاتر بووە، بەڵام گۆڕان رێكکەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی ھەڵپەساردووە و ئامادەش نییە پێشوازی لە شاندی یەکێتی بکات، بۆیە دیار نییە گۆڕان چۆن لەگەڵ یەکێتی پۆستەکان دابەش دەکاتەوە، ئەندامێکی ئەو بزووتنەوەش دەڵێت، گۆڕان براوەی یەکەمە و لە حکوومەتی خۆجێی ناکشێتەوە.

لەوبارەوە دانا عەبدولكەریم، ئەندامی ژووری حكوومەت و پەرلەمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "رێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ھەڵپەسێردراوە، وەك بزووتنەوەی گۆڕان براوەی یەكەمین لەسەرئاستی پارێزگای سلێمانی بۆیە لە حكوومەتی خۆجێی سلێمانی خۆمان بە بەرپرس دەزانین".

لە دوای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی دەیەوێت لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدا کار بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنەکان و بەتایبەتی گۆڕان بكات، پێیان وایە بۆ سەقامگیری بارودۆخی سیاسی و ئیداری لە پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، پەیوەندەی بە ئاستی نێوان ھەردوولا ھەیە.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "بەرقرابوونی ئاشتی و سەقامگیری لە پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە، پەیوەندی بە یەكێتی و گۆڕانەوە ھەیە، ئەگەر بیانەوێت دۆخی سلێمانی سەقامگیربێت دەبێ ھەردوو لایەن پەیوەندییەكی دۆستایەتی لەگەڵ یەكتر دروست بكەن".

بە پێی یاسای ژمارەی 3ی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ھەر گۆڕانکارییەك لە پۆستێکی ئیداریدا بکرێت دەبێت لە رێگەی ئەنجوومەنەکانەوە بێت، زۆرینەی پۆستەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دابەشکراون، گۆڕانیش لەگەڵ ئەوەی ئامادەنیە لەگەڵ یەکێتی دابنیشێت، دەشڵێت پۆستەکانمان بۆ لایەنێك جێناھێڵێن بۆ بەرژوەندی خۆی بەکار بھێنێت.

ھ.م