عێراق رێگهی ههناردهكردنی نهوتی كهركووك نادۆزێتهوه
عێراق بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەگەڵ ئێران و توركیا لە گفتوگۆدایە
K24 - سلێمانی
لە دوای ھێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، چەند جارێکە وتەبێژی نەوتی عێراقی باس لەو زیانە دەکات کە رۆژانە بەر نەوتی عێراق دەکەوێت بەھۆی کێشەکانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و وەستانی ھەناردەی كەركووك.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراقی لەکاتێکدایە، کە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم ھەر زوو ئامادەیی حکوومەتەکەیان نیشاندا لە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووك ب ەبۆریە نەوتییەکانی ھەرێم و دەڵێن، ئێستا عێراق سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگایەکی دیکەیە تا نەوتی کورکووکی پێ ھەناردە بکات لەبری بۆریە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان.
لەوبارەوە عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "حكوومەتی عێراق دوو پلانی ھەیە بۆ ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك، پلانی یەكەم ئەوەیە خۆی بۆرییە نەوتێك راكێشێ بۆ توركیا، پلانی دووەم ئەوەیە تا بۆرییەكە تەواو دەبێ بە تەنكەر ھەناردەی ئێرانی بكات، ئێستا حكوومەتی عێراق لەگەڵ ئێران و توركیا لەگفتوگۆدایە و ھێشتا بڕیاری كۆتایی لەوبابەتە نەدراوە".
ئەگەرچی ھەرێمی كوردستان، پابەندبوونی خۆی بە دەستوور و یاسای بودجەی عێراقی نیشانداوە لەبارەی ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووك، بەڵام ھێشتا کێشەکە وەك خۆی ماوەتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش روویندەکاتەوە کە ئامانج لە لێدوانە ناڕاستەکانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی بۆ زیان گەیاندنە بە ئابووری ھەرێمی کوردستان.
ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان چەندین جار دووپاتیكردووەتەوە كە پابەندە بە دەستوور و یاسای بودجەی عێراق دەبێت، بەڵام بەداخەوە ھەر لەساڵی 2014وە حكوومەتی عێراقی بەشێوەی جیاجیا كار بۆ لاوازكردنی ئابووری ھەرێمی كوردستان دەكات".
یەکێک لە کێشە بەردەوامەکانی نێوان ھەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراقی، کێشەی نەوتە، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووك لەلایەن عێراقەوە، ئەوەندەی دیكە کێشەکانی قوڵتر کردووەتەوە و کاریگەری لەسەر ھەناردەی نەوت و بودجەی ھەرێمی کوردستان داناوە.
ھ.م