دەمیرتاش خۆی لە پەكەكە بێبەری دەكات
كێشەی نێوان دەمیرتاش و پەكەكە قوڵدەبێتەوە

K24 - ھەولێر
لێدوانە دژ بە یەكەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەك سەركردەی پەكەكە، كێشە دەخاتە نێوان پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
لە دوایین لێدوانەكانی دەمیرتاش لە زیندانەوە رایگەیاند، دەبێ پەكەكە چەك دابنێ و پرسی كورد لە توركیا بە رێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.
دەمیرتاش، ئاماژەی بەوەشدا، ھیچ پەیوەندییەكی رێكخراوەیی لەنێوان ھەدەپە و پەكەكەدا نیین.
لەبەرامبەردا موراد قەرەیلان، ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بە ئاژانسی فوڕاتی نزیك لە حزبەكەی راگەیاند "ئێمە پارتی ھەڵبژاردن نین ھەڵبژاردنەكانی توركیا ھیچ ئەنجامێكیان نابێ و بە ھەڵبژاردن ناتواندرێت كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاكەپە بێنن. ئێمە بە تێكۆشان و ھێزی گەل سەركەوین".
لە لایەكی دیكە و ھەر دژی گوتەكانی دەمیرتاش، دوران كاڵكان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەوەی خستەڕوو "با فێڵ لەخۆمان نەكەین، فاشیزمی ئاكەپە و مەھەپە بە ھەڵبژاردن كۆتایی نایە، ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنەكانی 2015 سەرنەكەوت، بەڵام دەستبەردرای دەسەڵات نەبوو".
دوای لێدوانی سەركردەكانی پەكەكە دەمیرتاش جارێكی دیكە لەسەر ئەو پرسە ھاتە دەنگ و لە لێدوانێكدا رایگەیاند "ئێمە نوێنەری پەكەكە نین، بەڵكو ئێمە نوێنەری دەنگدەرانی خۆمانین، ئێمە دژی شەڕی پەكەكە و توركیاین".
ئەو لێدوانە دژ بەیەكانەی سەركردەكانی پەكەكە و دەمیرتاش، دەریدەخات كە ئێستا دژەبەریەكی لەنێوان ھەدەپە و پەكەكە ھەیە، بەجۆرێك ھەدەپە وەك پارتێكی سیاسی باوەڕی بە ھەڵبژاردن و خەباتی مەدەنییە و پەكەكەش بڕوای بەو جۆرە خەباتە نییە.
ئەمە لەكاتێكدایە یەكێك لەو ھۆكارانەی دەمیرتاش پێی خرایە زیندانەوە ھاوكاریكردنی پەكەكە بوو، ئێستاش دەمیرتاش لە زیندانەوە كاندیدی ھەدەپەیە بۆ سەرۆكایەتی توركیا. ھەروەھا جگە لە دەمیرتاش زیاتر لە 10 ھەزار ئەندامی ھەدەپە بە تۆمەتی بانگەشە و ھاوكاریكردنی پەكەكە لە زیندانن.
ھ.م