وەزارەتی كشتوكاڵ چەند جۆرە گۆشتێك قەدەخە دەكات

بڕیار لەسەر ھاوردەكردنی چەند جۆرێكی دیكەش دەدرێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێك سەبارەت بە قەدەخەكردنی گۆشتی هیندی و هاوردەكردنی  ئاژەڵ و مریشكی بەستوو دەدات.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كشتوكاڵ رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ بە سەرپەرشتی رێباز حەملان، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بە وەكالەت و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرانی كەرەنتینە و به دواداچوون، چەند بڕیارێك بۆ قەدەخەكردنی گۆشتی هیندی و هاوردەكردنی  ئاژەڵ و مریشكی بەستوو دران".

وەك لە راگەیەندراوی وەزارەتی كشتوكاڵ ھاتووە بڕیارەكان بریتین لە:.

1- لە رۆژی 3/6/2018 ەوە مۆڵەتی هاوردەكردنی گۆشتی گامێشی هیندی قەدەخەدەكرێت.

2- زیادكردنی پشكی پارێزگاكان لە هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بە رێژەی 100% بۆ پشكی تەرخانكراو، ئەمەش تەنیا بۆ هەردوو مانگی حوزەیران و تەمووزی 2018.

3- زیادكردنی پشكی پارێزگاكان لە هاوردەی مریشكی بەستوو بە رێژەی 100% بۆ پشكی تەرخانكراو، ئەمەش تەنیا بۆ هەردوو مانگی حوزەیران و تەمووزی 2018.

ھ.م