ماوه‌ی 30 ساڵ وه‌ك شازاده‌ی سعوودیه خۆی نیشاندا به ملیۆنان دۆلاری به‌ده‌ست خست
وا خۆی نیشاندا كه سه‌ر به تۆڕێكی گه‌وره‌ی بزنسمانی جیهانییه و خاوه‌نی باڵانسی 600 ملیۆن دۆلاری بانقییه
K24- هه‌ولێر:
پیاوێكی كۆڵۆمبی له چینی هه‌ژاره‌كانی بۆگۆتای پایته‌خت كه له ئه‌مه‌ریكا ده‌ژیت، توانی ماوه‌ی 30 ساڵ خۆی وه‌ك شازاده‌یه‌كی بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودیه نیشان بدات و له‌و رێگه‌یه‌وه 26 وه‌به‌رهێن هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێت و نزیكه‌ی 8 ملیۆن دۆلار به‌ده‌ستبهێنێت.
رۆژنامه‌ی "واشنتۆن پۆست" له‌وباره‌یه‌وه بڵاویكرده‌وه، ئه‌نتۆنی جینیاكی ته‌مه‌ن 47 ساڵان، كه هاووڵاتییه‌كی كۆڵۆمبییه و به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژاری بۆگۆتای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌یه، توانیویه‌تی بۆماوه‌ی 30 ساڵ كه‌سایه‌تی خالید بن عه‌بدوڵڵا ئال سعود، شازاده‌ی سعوودیا بدزێت و سه‌رنجی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا رابكێشێت، كه وای نیشاندابوو، ئه‌و كۆمپانیایانه له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شای سعوودیه‌وه پشتگیری ده‌كرێن.
وه‌ك رۆژنامه‌كه له‌سه‌ر زاری پۆلیسی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی پێكردووه، "شازاده‌ی ساخته" له دووشه‌ممه‌ی رابردوو له‌به‌رده‌م دادگای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دانی به راستییه‌كاندا ناوه و، توانیویه‌تی له ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه خۆی وه‌ك شازاده‌ی سعوودیه نیشان بدات و ماوه‌ی 30 ساڵ ئه‌و نهێنییه بشارێته‌وه.
.jpg)
واشنتۆن پۆست نووسیویه‌تی، جینیاك له شوقه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو له دوورگه‌ی "فیشه‌ر" له كه‌ناره‌كانی مه‌یامی ده‌ژیا و، كاتژمێرێكی ماركه‌ی "رۆلێكس"ی له‌ده‌ست بوو و ئۆتۆمۆبیلێمی جۆری "فیراری" به‌تابلۆی دیبلۆماسییه‌وه لێ ده‌خوڕی، كه دواجار ئاشكرا بوو له‌ڕێگه‌ی سایتی "ئیبای" كڕیویه‌تی.
به‌گوێره‌ی تابلۆیه‌ك كه به‌رامبه‌ر به زه‌نگی شوقه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵواسرابوو، ئه‌و هاووڵاتییه كۆڵۆمبییه "شازاده ساخته‌كه" پاشناوی خۆی به "سوڵتان" ناساندبوو و ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، كه سه‌ر به تۆڕێكی گه‌وره‌ی بزنسمانی جیهانییه و خاوه‌نی باڵانسی 600 ملیۆن دۆلاری بانقییه، له‌كاتێكدا له‌ساڵانی رابردووش‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكا دركیان به راستییه‌كان كردبوو و ئاگاداریش كرابووه‌وه.
رۆژنامه‌كه ئاشكراشیكردووه، جینیاك له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه به‌هۆی جه‌نگه‌وه وڵاته‌كه‌ی جێهێشتووه و، له‌ته‌مه‌نی 7 ساڵیدا خێزانێك له ویلایه‌تی میشیگانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ برا بچوكه‌كه‌ی له‌خۆ گرتبوو.
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ئه‌و پیاوه له پیشكه‌وتووترین ئووتێل له كه‌ناره‌كانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ژیاوه، ژماره‌یه‌كی زۆری كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه و چه‌ندین دیاری وه‌رگرتووه و له‌ژێر ناوی خالید بن عه‌بدوڵڵا ئال سعوود، بێ به‌رامبه‌ر له ئوتێلێكی مه‌یامی ژیاوه.
H.B