نووسينگه‌ى سه‌رۆك بارزانى له‌ باره‌ى بڕيارى ده‌ستگيركردنى رێبوار تاڵه‌بانى هاته‌ ده‌نگ

سەرۆك بارزانیش بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی دەكات

K24 – هه‌ولێر:

نووسينگه‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ لێدوانێكدا رايگه‌ياند، "دەركردنی بڕیاری گرتنی ڕێبوار تاڵەبانی درێژەپێدانی خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەرە".

له‌ لێدوانه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌يه‌كى ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "ئەوەی دەرهەق ڕێبوار تاڵەبانی كراوە بەهۆی هەڵوێستە نیشتیمانی و كوردپەروەرانە و عەداڵەتخوازیی ئەو بووە و ئەمە ڕاستییەكە كە هەموو لایەك دەیزانن".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "هەموو كوردێكی دڵسۆز پشتیوانی ڕێبوار تاڵەبانین و سەرۆك بارزانیش بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی دەكات".

ئه‌م لێدوانه‌ دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئه‌مڕۆ دادگايه‌كى كه‌ركووك فه‌رمانى ده‌ستگيركردنى بۆ رێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ده‌ركردبوو.

له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيشدا كه‌ له‌ شارى هه‌ولێر ئه‌نجاميدا، رێبوار تاڵه‌بانى تۆمه‌ته‌كانى دادگاى ره‌تكرده‌وه‌ و رايگه‌ياند، سكاڵا دژى ئه‌و دادوه‌ره‌ تۆمار ده‌كه‌م.

ده‌قى لێدوانه‌كه‌

لێدوانێك لە نووسینگەی سەرۆك مەسعود بارزانی

دەركردنی بڕیاری گرتنی ڕێبوار تاڵەبانی درێژەپێدانی خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەرە و ئەم جۆرە كردەوانە و گرتن و سزادانی خەڵكی نیشتیمانپەروەر نابێتە هۆی سڕینەوەی خیانەتەكەیان.

ئەوەی دەرهەق ڕێبوار تاڵەبانی كراوە بەهۆی هەڵوێستە نیشتیمانی و كوردپەروەرانە و عەداڵەتخوازیی ئەو بووە و ئەمە ڕاستییەكە كە هەموو لایەك دەیزانن. ئێستایش هەموو كوردێكی دڵسۆز پشتیوانی ڕێبوار تاڵەبانین و سەرۆك بارزانیش بە هەموو هێزەوە پاڵپشتیی دەكات.

نووسینگەی سەرۆك

3-6-2018