پڕۆژەیاسای چاكسازی یەكلایی دەكرێتەوە

لیژنەكانی یاسایی و دارایی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی پڕۆژە یاساكە دەكەن

K24 - ھەولێر

لیژنەكانی یاسایی و دارایی پەرلەمان ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان، بە مەبەستی  یەكلاییكردنەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی دەكەن.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24: "بڕیارە ئەمڕۆ ھەریەك لە لیژنەكانی یاسایی و دارایی پەرلەمانی كوردستان كۆببنەوە، بۆ تاوتوێكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی و ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو پرۆژەیە".

پێشتریش ئەو دوو لیژنەیە ھەوڵی كۆبوونەوەیانداوە، بەڵام بەھۆی تەواو نەبوونی رێژەی یاسایی، كۆبوونەوەكەیان شكستیھێناوە و ئەمڕۆش جارێكی دیكە ھەوڵی كۆبوونەوە دەدرێت.

لە 28/2/2018 په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای چاكسازی و خانه‌نشینی لە پەرلەمانی كوردستان په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی لێكه‌وته‌وه‌و چه‌ند لایه‌نێكی سیاسیش ئەو بابەتەیان وەك كاڵا بۆ ریكلام و بانگه‌شه‌ی سیاسی بەكاردەھێنا. بۆیە لە رۆژی 4/3/2018 پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك فراكسیۆنی ناو په‌رله‌مانی كوردستان، یاداشتێكیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، دواتر هه‌ر یه‌كه‌ له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند: "به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رنج و نیگه‌رانی له‌سه‌ر چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی یاساكه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ بڕیارمانداوه‌ یاساكه‌ ره‌تكه‌ینه‌وه‌و جارێكی دیكه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانی كوردستان پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكه‌ین".

ھ.م