ئێران دڵنیایی دەداتە خەڵكی پشدەر

تاران لەبارەی گرتنەوەی ئاو بەغدا تۆمەتبار دەكات

K24 - سلێمانی

کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی، عێراق بە بوونی كێشەی ئاو لە سنوورەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران، تۆمەتبار دەكات و دڵنیایش دەداتە خەڵكی دەڤەری پشدەر.

سەعدوڵڵا مەسعودیان، کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "لە ساڵی 2007وە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی کۆمسیۆنێکی هاوبەش لەنێوانماندا لەبارەی ئاو پێکبهێنین، بەڵام عێراق هیچ کارێکی بۆ پێکهێنانی ئەو کۆمسیۆنە نەکردووە".

گوتیشی: "داوا لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی وەڵامی داواكەی ئێمە بدەنەوە و كۆمسیۆنێكی ھاوبەش لەبارەی رووبارەكان بكەین".

ئەوەشی خستەڕوو: "شارۆچکەکانی رانییە و قەڵادزێ دڵنیا دەکەمەوە، پرسی ئاو پرسێکی مرۆییە و چارەسەری دەکەین".

ھەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا ئازاد حەمە ئەمین، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بڕیارە شاندێك بە نوێنەرایەتی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و قەزای پشدەر سەردانی مەیدانی ئەو ناوچە سنووریانە بكەن و كێشەكە دیاربكرێت و بیخەینە بەردەم كونسوڵی ئێران لە سلێمانی و ئەویش بیداتەوە بە حكوومەتی وڵاتەكەی".

ھ.م