كاندیدی جه‌هه‌په‌ بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی كورد ده‌دات

موحه‌ڕه‌م ئینجه‌: كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی دیموكراتیی و ئازادی و رۆشنبیری و ئابوورییه‌، به‌ڵام له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موویان كیشه‌یه‌كی ئه‌خلاقی سیاسییه‌ كه‌ تائێستا ئاكپارتی نیازی چاره‌سه‌ركردنی نه‌بووه‌

K24- هه‌ولێر:

موحه‌ڕه‌م ئینجه‌، كاندیدی پارتی گه‌لی كۆماری "جه‌هه‌په‌" بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا به‌ڵێنیدا، كێشه‌ی كورد له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكات و گوتی: "ئۆپۆزسیۆنی سه‌ره‌كی له‌ په‌رله‌مان لێژنه‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكده‌هێنێت".

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "حوڕییه‌ت ده‌یلی نیوز"ـی توركی، كاندیدی ئه‌و حزبه‌ی ئۆپۆزسیۆنی توركیا له‌ لێدوانه‌كه‌یدا له‌ شاری وانی باكووری كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، "كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی دیموكراتیی، ئازادی، رۆشنبیری و ئابوورییه‌، به‌ڵام له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موویان كیشه‌یه‌كی ئه‌خلاقی سیاسییه‌".

وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ بڵاویكره‌وه‌، له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئینجه‌ ره‌خنه‌ی توندی له‌ په‌یڕه‌و و رێبازی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا "ئاك پارتی"ـی گرت و گوتی: "ئه‌گه‌ر بووم به‌ سه‌رۆكی توركیا، كه‌ باوه‌ڕیشم هه‌ر وایه‌ سه‌رده‌كه‌وم، ئه‌وا كێشه‌ی كورد له‌ وڵاته‌كه‌م چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تائێستا حزبه‌كه‌ی ئه‌ردوغان نیازی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی كوردی نه‌بووه‌.

ئه‌م لێدوانه‌ی موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ دوای ته‌نیا رۆژێك له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ شاری دیاربه‌كری باكووری كوردستان هاتووه‌، كه‌ دوێنێ له‌و شاره‌ كوردییه‌ ئه‌ردوغان جه‌ختی كرده‌وه‌، "هیچ كێشه‌یه‌ك به‌ناوی كێشه‌ی كورد له‌ئارادا نییه‌ و نابێت هیچ كه‌سێك له‌ناو خاكی توركیا به‌دوای ده‌وڵه‌تی كوردیدا بگه‌ڕێت".

ئه‌ردوغان له‌ لێدوانه‌كه‌یدا گوتی: "ئێمه‌ ناڵێین كورد بوونی نیه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ ده‌ڵێین هیچ كێشه‌یه‌ك به‌ناوی كێشه‌ی كورد له‌ئارادا نییه‌، بۆیه‌ پێویست ناكات هیچ كه‌سێك له‌ناو توركیا به‌دوای ده‌وڵه‌تی كوردیدا بگه‌ڕێت، چونكه‌ ده‌وڵه‌تی كوردی بریتییه‌ له‌ كۆماری توركیا و زمانی توركیش زمانی فه‌رمی وڵاته‌كه‌مانه‌".

H.B