"تارماییه‌كه له كۆتایی نزیكبووه‌ته‌وه"
رۆژه‌كانی قاسم سوله‌یمانی سنووردارن
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "الشرق الاوسط" له راپۆرتێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، جموجۆڵه‌كانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی له عێراق كه‌متر بووه‌ته‌وه و له به‌رامبه‌ریشدا، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا كه‌وتووه‌ته‌وه خۆ.
به گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌كه، دۆگلاس سلیمان، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، ئێستا هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌واوی لیسته براوه‌كانی عێراق له باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت گفتوگۆ بكات، له به‌رامبه‌ریشدا جموجۆڵه‌كانی قاسم سوله‌یمانی سنووردار و كه‌متر بوونه‌ته‌وه.
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له درێژه‌ی هه‌وڵه‌كانیدا، له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه كۆبووه‌ته‌وه كه به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا دژایه‌تی ئه‌مه‌ریكایان ده‌كرد، وه‌كو هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در و هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه به نزیكترین كه‌سایه‌تی سیاسی و سه‌ربازی عێراق داده‌نرێت له ئێران.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، عه‌بدولخالق عه‌بدوڵڵا، مامۆستای زانكۆ و راوێژكاری شازاده‌ی ئه‌بوزه‌بی، محه‌مه‌د بن زاید، له ئه‌كاونته‌كه‌ی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، وێنه‌یه‌كی قاسم سوله‌یمانی بڵاوكردووه‌ته‌وه و نووسیویه‌تی: "رۆژه‌كانی ژمێردراون و هێنده‌ی نه‌ماوه ئێكسپایه‌ر بێت"، به گوێره‌ی میدیاكانیش ئه‌و وڵاته‌ش، ئه‌و راوێژكاره هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی زیاتری له‌و باره‌یه‌وه نه‌داوه.
وه‌ك راپۆرته میدیاییه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، تویته‌كانی ئه‌و راوێژكاره به‌رده‌وام جێگه‌ی مشتومڕن و پێشتریش یه‌كه‌م كه‌س بووه له باره‌ی ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، زانیاری بڵاوكردووه‌ته‌وه.
وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، له یه‌كێك له تویته‌كانی له‌و باره‌یه‌وه‌ی نووسیویه‌تی: "مێژوو تۆماری ده‌كات وڵاتێكی كه‌نداو رۆڵی له ده‌ركردنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێكی زلهێز هه‌یه، ئه‌وه‌ش مشتێكه له خه‌روارێك".
دوای ئه‌و تویته‌ش، رۆژنامه ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماژه‌یان به رۆڵی ئیمارات كرد له لابردنی ریكس تیله‌رسن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له پۆسته‌كه‌ی، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ش له رێگه‌ی گه‌وره بازرگانێكی ئه‌مه‌ریكی بووه به‌ناوی "ئیلیۆت برویدی" كه گه‌وره‌ترین به‌خشه‌ره‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ بووه و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشی له‌گه‌ڵ ئیمارات هه‌یه.
ا. م