سهدر: لەگەڵ پێكھێنانی حكوومەتێك نیم لەلایەن ئێرانەوە دابمەزرێت
پێكهێنانی گهورهترین كوتلهی پهرلهمانی چاوهڕوانی دوابڕیاری كورده
K24 - ههولێر:
موقتەدا سەدر، رێبهری رهوتی سهدر و هاوپهیمانی سائیروون، ئۆپۆزیسیۆن بوون بە باشتر دەزانێت لەوەی ھاوپەیمانی لەگەڵ نووری مالیكیدا بكات.
رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی قەتەری، لە سەرچاوەیەكی نزیك لە موقتەدا سەدر بڵاویكردووهتهوه، سەدر بەھیچ شێوەیەك ئامادە نییە ھاوپەیمانی لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێكبھێنێت و رایگهیاندووه، ئۆپۆزسیۆنبوونی "زۆر پێباشترە" لە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ مالیكی.
سەدر دووپاتیشی كردووهتهوه، ھەرگیز لەگەڵ پێكھێنانی حكوومەتێك نابێت كە عێراقی نەبێت و لەلایەن ئێرانەوە دابمەزرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەكەی نزیك لە سەدر، سائیروون، نەسڕی عهبادی، وەتەنییەی ئهیاد عهلاوی و بەشێك لە سوننەكان رێككەوتوون، بەڵام بەھۆی ئەوەی كورد خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە، بۆیە تا ئێستا نەتوانراوە، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بۆ پێكھێنانی حكوومەت دروست ببێت.
ا. م