دەمیرتاش لە خۆی توڕە دەبێت
دەمیرتاش لە توویتەر دڵی لایەنگرانی خۆشدەکات
K24 - ھەولێر
سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان ( ھەدەپە) و كاندید بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، باس لەوە دەكات كە لە زیندانی راپرسی كردووە و جارێكیش لەخۆی توڕە بووە. بڕیاریشە ئەمڕۆ دەمیرتاش بەشێوەی راستەوخۆ لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە زیندانەوە دەست بە بانگەشەكردن بۆخۆی بكات.
لە دوایین پەیامیدا لە زینداوە بۆ لایەنگرانی كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردووەتەوە، دەمیرتاش نووسیویەتی: "من متمانەم بە ئێوەیە، ئێوە دەنگ و هەناسەی منن".
دەمیرتاش لە رێگەی پارێزەرەکەی دەتوانێ نووسین و پەیامە سیاسییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەكان بڵاوبکاتەوە و هەندێك جاریش گاڵتە و قسەی نافەرمی بۆ لایەنگرانی دەنووسێت. لە توتێکیدا دەمیرتاش هاتووە:" لە راپرسیەك کە لە زیندان کردوومە، من 100% دەنگەکانم بەدەستهێناوە. گاڵتە دەکەم، جارێکیان من لەخۆم توڕە بووم چونکە تەنها 50% دەنگەکانم بەدەستهێنابوو".
بڕیاریشە کاتژمێر 11 پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ بۆ یەكەمجارە 06/06/2018 دەمیرتاش بەشێوەی راستەوخۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر کەمپینی بانگەشە كردن بۆخۆی دەست پێبکات.
دەمیرتاش لە ساڵی 2016 بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەل پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، خرایە زیندان، ئێستاش وەک کاندیدێکی سەرۆکایەتی هەڵبژاردنەی 24ی حوزەیرانی تورکیا، لە زیندان بانگەشە دەکات.
له 4/11/2016، سهڵاحهدین دهمیرتاش و فیگهن یوكسهكداخ، هاوسهرۆكانی پارتی دیموكارتی گەلان (ههدهپه) لهگهڵ 11 پهرلهمانتاری دیكەی پارتەكەیان به تۆمهتی ھاوكاریكردن و بانگەشەكردن بۆ پەكەكە دهستگیركران.
ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كە لە 26 حوزەیرانی 2018 بەڕێوەدەچێت، یەكێك لە كاندیدەكانی ئەو ھەڵبژاردنە سەڵاحەدین دەمیرتاشە و لە زیندانەوە بانگەشە دەست پێدەكات.
ھ.م