بۆمبێك لە ھەڵەبجە تەقییەوە

لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكرێت

K24 - ھەڵەبجە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەكی شارەوانی شاری ھەڵەبجە بۆمبێك تەقییەوە و لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكەش ھێزە ئەمنییەكانی شارەكە رێگری لە تیمی كوردستان24 دەكەن.

محەمەد ھەڵەبجەیی، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "كاتژمێر 2:35 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆمبێك لەبەردەم ماڵی ھاووڵاتییەكی دانیشتووی گەڕەكی شارەوانی ھەڵەبجە تەقییەوە".

گوتیشی: "بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی ھێزەكانی ئەمنی، بۆمبەكە لە جۆری بۆمبی دەنگی بووە و خۆشبەختانە ھیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە، بەڵكو تەنھا زیانی مادی ھەبووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "تیمی كوردستان24 وەك یەكەم تیمی رۆژنامەوانی گەیشتنە شوێنی رووداوەكە بۆ ئەوەی رووماڵی ئەو رووداوە بكەین، بەڵام لەلایەن ھێزە ئاسایشی شارەكە رێگریمان لێكرا، بۆ ماوەیەك دەستیان بەسەر كامێراكەمان داگرت و زیانیان پێگەیاندووە".

پەیامنێرمان روونیكردەوە: "تا ئێستا ھۆكار و شێوەی تەقینەوەكە دیار نییە و ھێزە ئەمنییەكان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن، بۆ ئەوەی جۆری تەقینەوەكە و بۆمبەكە دیار بكەن، چونكە ھێشتا نەزانراوە بۆمبەكە چێنراو بووە یان فڕێدراوە".

ھ.م