"عێراق رووبەڕووی قەیرانێكی گەورە دەبێتەوە"

دۆخی ناوخۆی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت

K24 - ھەولێر

ھەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست مەودای نێوان لایەنە سیاسییەكانی دوورتر كردەوە و پێكھێنانی حكوومەتی نوێشی ئەستەمتركردووە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، عێراق رووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی گەورە دەبێتەوە، رەنگە بە ساڵیش لێی دەرباز نەبێت.

لەلایەك هێزە عێراقییەکان سەرقاڵی کێشەی هەژمارکردنی دەنگەکانن بە دەست. لەلایەکی دیکەشەوە ناگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانەتیەك کە بتوانێت حکوومەتی داهاتوو پێکبهێنێت. موقتەدا سەدر و ئەیاد عەلاوی عەممار حەکیم، لە یەكتر نزیکبوونەتەوە لە  رێککەوتن، بەڵام بێ کورد ژمارەی کورسییەکانیان بەشی پێکهێنانی حکوومەت ناکات.

پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بارەی  ئەو هاوپەیمانیەتیە دەڵێت، هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەبارەی ئەو ھاوپەیمانیەتیە و کام لایەن دانی بە مافەکانی کورد دانا ئەوا لەو هاوپەیمانیەتیە نزیک دەبین.

خەسروەو گۆران، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئاڵۆزیی لە عێراق ھەیە، ھەتا لە مەسەلەی پرۆسەی دەنگەكانی ھەڵبژاردن، وەك پارتی ھەر كوتلەیەك دروست بكرێت لە بەغدا نزیك لە ئامانجەكانی ئێمە بێت كە جێبەجێكردنی دەستوورە و داننانە بە مافەكانی گەلی كورد لەو كوتلەیە نزیك دەبین".

بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ هەژمارکردنەوەی دەنگەکان  بە دەست بارودۆخی سیاسی عێراق  خستووەتە دووڕیانەوە، جگە لە پێکهێنانی هاوپەیمانی پێ ناچێت حکوومەتی داهاتووش بە ئاسانی پێکبهێنرێت.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا بە كوردستان24 گوت: "عێراق لە دەروازەی قەیرانێكی زۆر گەورەدایە، ئەو یاساییەی لە پەرلەمان دەركراوە و نیگەرانی لێكەوتووەتەوە، وا دەكات عێراق رووبەڕووی قەیرانێكی گەورە ببێتەوە، ئەگەر چارەیەك نەدۆزرێتەوە عێراق ناتوانێت بە ساڵیش خۆی لەو قەیرانە دەرباز بكات".

ھ.م