پارتی له‌دادگای فیدراڵ سكاڵا له‌سه‌ر په‌رله‌مانی عێراق تۆمار ده‌كات

به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی: بەو بڕیارە ڕازی نابین كە پەرلەمان ده‌ریكردووه‌ چونكە پەرلەمان ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە

K24- هه‌ولێر:

له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوەی دەركرد، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردووە و، بەو بڕیارە ڕازی نابین كە پەرلەمان داویەتی، چونكە مافی پەرلەمان نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە".

گۆران گوتیشی: "جارێ نازانین ئەنجامی سكاڵای ئێمە لە دادگای فیدراڵی چی دەبێت و، چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەین".

لەبارەی سووتاندنی كۆگای سندووقەكانی دەنگدان لە بەغدا، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: "سووتاندنی سندووقەكانی دەنگدان ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە و، پێویستە رێگری لێ بكرێت و لە ھەرێمی كوردستان قەت رێگە بە كاری لەوشێوەیە نادرێت، بەڵام ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین كە ئەو كارەی كراوە بە ئەنقەست بووە یاخود نا، چونكە پێویستە چاوەڕێی لێكۆڵینەوەكان بكەین".

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هەر پێوەست بەو بابه‌ته‌، موحسن سەعدوون, سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمی سكاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمار كردووە لەسەر ئەوەی پەرلەمان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە، چونكە كاری پەرلەمان تەنیا ئەوەیە كە دەتوانێ یاسا ھەموار بكاتەوە و یاسا دەربكات و چاودێری بكات، نەك ئەنجامی ھەڵبژاردن ھەڵوەشێنێتەوە".

سەعدوون هەروەها باسی لەوەش كردووه‌: "پێویستە دادگای فیدراڵی بڕیارێك بدات و سكاڵاكەش لە بەرژەوەندیی ئێمە یەكلا ببێتەوە، چونكە پەرلەمان كارێكی كردووە كە لە دەستەڵاتی خۆی بەدەرە و مافی ئەوان نییە ئەو بڕیارە بدەن و ھەڵبژاردن ھەڵوەشێننەوە".

H.B