یەكێتی شووتی بە شەرت نافرۆشێ
ھاوپەیمانی: كەركووك بە تەزویڕ ناگەڕێتەوە
K24- سلێمانی
تا دێت ململانێ سیاسیییه‌كان و شه‌ڕی میدیایی له نێوان هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان قوڵتر ده‌بێته‌وه و هه‌ر لایه‌نه و به جۆرێك به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به خیانه‌تكار ناو ده‌بات. گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی كه‌ركووكیان به‌م دۆخه گه‌یاند، بۆیان نییه باسی مافی خه‌ڵك بكه‌ن و كه‌ركووك به ته‌زوویر ناگه‌ڕێته‌وه". له به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی هاوپه‌یمانییدا، یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئێمه هه‌ڵبژاردنمان كردووه، خۆ شووتیمان نه‌فرۆشتووه تا به شه‌رت بێت.
لایەنە ناڕازییەکانی هه‌ڵبژاردن دوای سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ بەغدا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەنجامه‌كانی ھەڵبژاردن، ھەر لەوکاتەوە کەوتنە بەر ھێرشی لایەنگران و تەنانەت بەشێك لە بەرپرسانی یەکێتی و بەخیانەتکار ناویان دەبه‌ن. ھاوپەیمانیش دەڵێ، ئەگەر بەداوادچوونی ھاوپەیمانی بەخیانەت ناوببرێت، ئەوە دەبێت بە یەکێتی نیشتمانی چی بوتریت، لەکاتێکدا ئەوان دەستیان لە ساختەکاری و نەوت دزین و خاکفرۆشتن ھەبووە و خەڵکی کوردستانیش ئەو راستیە دەزانن.
رێبوار كەریم، وته‌بێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەوەری بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوانەی ھەرێمی كوردستان و كەركووكیان بەو دۆخە گەیاند 15 ساڵ نەوتەكەیان فرۆشت و 15 خولەك بەرگریان لێ نەكرد، ئەوانە بۆیان نییە بە ریاكارانە بێن باسی مافی خەڵكی كەركووك بكەن، كەركووك بە تەزویر ناگەڕێتەوە، كەركووك بە پاراستنی ئیرادە و خزمەتكردنی خەڵكەكەی دەگەڕێتەوە".
یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بێ منەتە لە ژماردنەوەی دەنگەکان به دەست و دەڵێن، ھەڵبژاردنمان کردووە خۆ شووتیمان نەفرۆشتووە، تا بەشەرت بێت و ھەر لایەنێك دەرەئەنجامەکەی پێ قبوڵ نەبێت، ئیدی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئه‌نجامه‌كان بکات و بەساختەکار ناومان ببەن.
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "ئێمە ھەڵبژاردنمان كردووە و شووتیمان نەفرۆشتووە تا بە شەرت بێ، ھەركاتێك ھاوپەیمانی و گۆڕان دەنگ نەھێنن قبووڵیان نەبێت، سندووقی دەنگەكان لە بەغدا سوتێندراوە، ئەترسین ئەوەش بخەنە سەر یەكێتی. ئەو كەسانەی قسە لەسەر یەكێتی دەكەن جارێ با ھەڵوێستی سیاسی خۆیان راست بكەنەوە، ئێمە بێ منەتین لە ژماردنەوەی دەنگەكان و دووبارەكردنەوەی ھەڵبژاردن".
سەندیکای رۆژنامەنوسان لقی سلێمانی بەکارھینانی زمان زبری لایەنەکان لە میدیاكانه‌وە دژ بەیەك، به باش نازانن و دەڵێن، بێدەنگ نابین و رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەر لایەن و میدیایەك دەگرینە بەر کە ببنە مایەی ترس و تێکدانی سەقامگیریی کوردستان.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاماژەی بەوەكرد: "حاڵەتێك دروستبووە ھەندێك لایەن ھەن لە پرەنسپی كاری خۆیان لایانداو، ئەو زمانەی بەكاردەھێندرێت زمانی میدیا نییە، بەڵكو زمانی شەڕ و جنێوە".
ھ.م