پەنابەرێکی کورد خۆی کوشت

له‌نامه‌یه‌كدا بۆ پزیشكه‌كه‌ی: بیری خۆ کوشتن جێمناهێڵێ من هەموو رۆژێک زۆر بە سەختی ئازار دەچێژم

K24- هه‌ولێر:

فاریبۆرز کەریمی، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە ساڵی 2013ەوە لە که‌مپی پەنابەرانی دوورگەی ناورۆ( وڵاتێکی بچووکی سەربەخۆیە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوسترالیا) وەک پەنابەری نایاسای لەگەڵ خێزانەکەی ژیاوە، بەڵام دوێنی هەینی (16/06/2018) کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیانی بەڕیتانی، ماوەی پێنج ساڵە کەریمی داوای یارمەتی دەکات بەوەی باری دەروونی تەواو نەبووە و لە نامەیەکیدا بۆ پزیشکەکەی نووسیویەتی: "بیری خۆ کوشتن جێمناهێڵێ. من هەموو رۆژێک زۆر بە سەختی ئازار دەچێژم".

کەریمی تازە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابوو، لەو کەمپەش لەگەڵ دایک و برایەکی 12 ساڵی دەژیا، بەڵام کاتێک تەمەنی 10 ساڵان بووە، لە لایەن چەند کەسێکەوە لە ئێران رفێندراوه‌ و ماوەی سێ مانگ دەستبەسەر بووە و پاشانیش وەک کەمینەیەکی کورد لە ئێران بەردەوام هەڕەشەی کووشتنی لێکراوە.

ژیانی سەختی وەک پەنابەر و دیارنەبوونی چارەنووسی خۆی و خێزانەکەی و رابردووی وەک کوردێک لە ئێران، کەریمیان دوچاری نەخۆشی کردووە و  چەند جارێک داوای یارمەتی دەروونی پێشکەشکردبوو.

هاوڕێیەکی ئەو کوردەی رۆژهەڵاتی كوردستان، له‌باره‌ی ژیانی كه‌ریمی ده‌ڵێت: "من دوێنێ ئەوم دیت. ئەو کوڕێکی وەرزشی و گەنج بوو. بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەختی خێزانەکەی زۆر ئازاری دەچەشت. ئەو هەم نەخۆش و هەم ماندوو بوو".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، کەرێمی سێهەم پەنابەرە لەو که‌مپە خۆی دەکووژێت. بەهرۆز بوچانی، كه‌ رۆژنامەنووسێكی كورد و به‌رگریكارێكی مافی مرۆڤه‌، هێرشی کردە سەر حکوومەتی ئوستراڵیا بەوەی ئەوان که‌مپەکانی ئەو دوورگەیە بەڕێوەدەبەن و گووتی: "ئەوە ئوستڕالیایە کە بەرپرسە لە مردنی نەک ناورۆ، ئەوان بوون گۆشەگیریان کرد لەو دوورگەیە و نەیانهێشت ده‌ستی به‌ چارەسەری پزیشکی بگات".

رەخنەی زۆر ئاراستەی حکوومەتی ئوستڕالیا لەو بارەیەوە دەکرێت چونکە ماوەی پێنج ساڵە فاریبۆرز کەریمی و خێزانەکەی لەو دوورگەیە بێ پێدانی هیچ بەڵگەیەکی نیشتەجێبوون زیندانی کراوە و جێهێشتنی دوورگه‌كه‌شیان لێ قەدەغەکراوه‌.

H.J