گرێ كوێرەكەی عێراق ناكرێتەوە
"ئەجندای دانیشتنەكە روون نییە"
K24 - سلێمانی
زیاتر لە مانگێك بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا تێپەڕ بووە، بەڵام تا ئێستا لایەنەكان بۆ پێكھێنانی كابینەی داھاتوو یەكلا نەبوونەتەوە، حەیدەر عەبادییش داوای رزگاربوون لەو دۆخە چەقبووە سیاسییەی عێراق دەكات.
حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە رێگەی بەیاننامەیەكدا لەبارەی دۆخی چەقبەستووی عێراق دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی، داوا لە ھێزو لایەنە سیاسییەکان دەکات پاش جەژن کۆبونەوەیەکی باڵا رێكبخەن، داواکەی عەبادی لەلایەن چەند لایەنێکی سیاسییەوە پێشوازی لێکرا، کە ئەوانیش نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە، یەکگرتوی ئیسلامیش رایوایە ئەو دەسپێشخەریانە گرنگن بە مەرجێك خۆدزینەوە نەبێت لە یاساکەی پەرلەمان.
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "دەستپێشخەریەكە جێگای دەست خۆشییە، بەڵام ھێشتا ئەجندای ئەو دانیشتنە لای ئێمە روون نییە، لەسەر بنەمای ئەجندای دانیشتنەكە ھەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین، پێویستە عێراق جارێكی دیكە بكەوێتەوە سەر پێی خۆی، بە كەمترین زیان لەو قەیرانە دەرچێت و بتوانین دەنگی خەڵك بگێڕینەوە و یاساكەی پەرلەمان جێبەجێ بكەین، كە دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عێراق، دەبێ ھەموو لایەنەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ سەروەری یاسا دەربڕن".
لایەنێکی دیكەی ناڕازی کە لە ھەرێمی کوردستان رەخنەی توندی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەیە، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەریە، ئەو لایەنە دەڵێت، تا ئەو کاتەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دووبارە ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان یەکلانەبێتەوە، پێشوازی لە ھیچ جۆرە دەسپێشخەریەك یاخود کۆبونەوەیەك ناکەن.
لەوبارەوە ئالان بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و داد پەروەری دەڵێت: "ئێمە كە بڕوامان بە بنەماكانی دیموكراسی و دادپەروەرییە، دەبێ پێش ھەموو لایەنێك دانیشتنەكە رەتبكەینەوە، تا ئەنجامی ھەڵبژاردن یەكلایی نەكرێتەوە ھیچ گفتوگۆیەك بۆ پێكھێنانی حكوومەت ناكەین".
حەیدەر عەبادی لەو دەسپێشخەرییەدا چەند رێگایەك بۆ رزگار بوونی عێراق لە دۆخی ئێستای عێراق دەخاتە بەردەم لایەنەکان، کە لە یەکێکیاندا داوا دەکات پێویستە رێگای یاسایی بگیرێتە بەرو پەنا بۆ دەستوورو یاسا ببرێت، چونکە تاکە سەرچاوەیە بۆ چارەسەری کێشەکان و پێكھێنانی حکوومەت و پەرلەمانی داھاتوو.
ھ.م