ئەنجێلینا جۆلی ستایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی په‌نابه‌رانه‌وه‌ به‌زر ده‌نرخێنێت

K24 - ھەولێر

ئەنجێلینا جۆلی، ئەکتەری بەناوبانگی ئەمەریکی و باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نموونە بۆ پاراستنی پەنابەران ناو دەبات. لە سێیەم سەردانیدا بۆ کەمپی پەنابەرانی دۆمیز، جۆلی داوا دەکات چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزرێتەوە تا کۆتایی بە مەینەتی پەنابەران بێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كەمپی دۆمیز ئەنجێلینا جۆلی، گوتی: "لەم سەردانەمدا وەك هەمیشە شکۆ و دانبەخۆداگرتن و میهرەبان و بەخشەندەیی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بیرمدا ژیایەوە. سوپاسی خەڵکی عێراق دەکەم بۆ بەخشەندەییان بەرامبەر پەنابەرانی سووری و ئاوارەکان. بەتایبەتی سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بووەتە نموونە بۆ پاراستنی پەنابەران".

گوتیشی: "رۆژی سیشەممە داتای نوێ لەسەر ژمارەی ئاوارەکان و ماوەی ئاوارەییان بڵاودەکرێتەوە، ژمارەکە زیاتربووە. لەکاتێکدا کە چارەسەری سیاسی هەر بوونی نییە. ئەمەش بۆشاییەکی دروست کردووە کە بە هاوکاریی مرۆیی پڕناکرێتەوە. تاکە چارەسەر ئەوەیە شەڕ کۆتایی بێت و هەموو حکوومەتەکان بەرپرسیارێتی خۆیان وەربگرن". 

ھ.م