لە ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان ھۆشداریی كارەساتی مرۆیی و ژینگەیی دەدرێت

دروستكردنی پڕۆژەیەك مەترسی دەخاتە سەر كوردستان

K24 - گەرمیان

تا دێت مەترسییەکانی وشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان كه‌ لە ئێران و تورکیاوە دەڕژێنە خاکی كوردستان و عێراق زیاتر دەبێت. جێگری پارێزگای ھەڵەبجەش رایدەگەیەنێت، دروستکردنی بەنداوی داریان لەلایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسەر رووباری سیروان گەورەترین مەترسییە لە سەرسنووری پارێزگای ھەڵەبجە و شارەزوورو گەرمیان و دیالە.

ھەروەھا ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری پارێزگای ھەڵەبجە، ھۆشداریی لە روودانی کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی دەدەن كە بەھۆی دروستکردنی بەنداوی داریان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەئایندەدا ئەگەری وشكبوونی رووباری سیروان لە ئارادایە.

كاوه عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بە كوردستان24 راگەیاند: "دروستكردنی بەنداوی داریان لەلایەن ئێرانەوە تەواوبووە و دوای گلدانەوەی ئێران بەشێك لە ئاوەكەی بۆ ناوچەكانی خۆی بەكاری دەھێنێتەوە، بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەییە دەتوانم بڵێم كارەساتێكی ژینگەیی دروست دەبێت".

ھەر پەیوەست بەو باسەوە ماجد غەڕاوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "كێشەكە تەنیا ئەو بەربەست و زێدەڕۆییانە نین كە ئێران ئەنجامیداون، ئێستا قسە لەسەر كێشەیەكی گەورەتر دەكەین، كێشەی دروستكردنی بەنداوێكە كە پێویسی بە سێ ساڵ گلدانەوەی ئاو ھەیە تا پڕ دەبێت، ئەمەش كاریگەری بەسەر رووباری دیجلەوە دەبێت. ئەمەش قەیرانێكی گەورەیە و پێویستە عێراق چارەسەری بكات".

ھ.م