جەبار عوسمان دەبێتە سیمبولی رێزگرتن لە گەشتیاران

بۆ رزگاركردنی گەشتیارێكی عەرەب گیانی خۆی بەخشی

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی رۆژی 17/6/2018، گەنجێك لە رووباری چۆمان لە نزیك گوندی بەرسیرین ویستی ژنێكی عەرەب لە خنكان رزگار بكات و خۆی خنكا، وەك رێزلێنان لە گیانی ئەو گەنجە مرۆڤ دۆستە كە گیانی خۆی بەخشییە گەشتیارێك، بڕیاریانداوە لە شاری ھەولێر ھۆڵێك بەناوی ئەو گەنجە بكەن.

نادر روستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "وێڕای نیگەرانیمان بۆ رووداوی گیان لەدەستدانی ئەو گەنجەی كە ویستی گەشتیارێكی عەرەب لە خنكان رزگار بكات و گیانی خۆی بەخشی، وەك دەستەی گەشتوگوزار بڕیارماندا، لە شاری ھەولێر ھۆڵێك بەناوی ئەو گەنجە بكرێت و جەبار عوسمان، ببێتە سیمبولی رێزگرتن لە میوان و گەشتیاران لە ھەرێمی كوردستان".

گوتیشی: "وەك دەستەی گەشتوگوزار بەردەوام رێنمایی گەشتیاران دەكەین كە خۆیان دوور بگرن لەو شوێنانەی كە مەترسیدارن، ھەروەھا پابەندبن بە رێنماییەكانی بەرگری شارستانی، بەڵام زۆرجار لێرە و لەوێ رووداوی نەخوازراو روودەدەن".

دوێنێ 17/6/2018، ژنێكی عەرەب كە بۆ گەشتوگوزار لەگەڵ خێزانەكەی روویان كردبووە دەڤەری سۆران، لە نزیك گوندی بەرسیرین كەوتە ناو رووباری چۆمان، لەو كاتە گەنجێكی خەڵكی ناوچەكە بەناوی جەبار عوسمان، ویستی رزگاری بكات، بەڵام خۆشی خنكا.

ھ.م