پارتى: له‌گه‌ڵ يه‌كێتى رێككه‌وتووين به‌يه‌كه‌وه‌ بچينه‌ به‌غدا

بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ عێراقدا حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌راكه‌ت پێكبهێنرێت

K24 – هه‌ولێر:

بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانی و عێراقييه‌كانى پارتی دیموکراتی کوردستان، عه‌لى حوسێن رایگەیاند، پارتى و يه‌كێتى رێككه‌وتوون به‌يه‌كه‌وه‌ و به‌ هاوبه‌شى سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن.

له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ (كوردستان24)، عه‌لى حوسێن گوتى:  "به‌رچاوڕوونى ئێمه‌ بۆ دانيشتنه‌كانى داهاتوو گرنگ بوو. له‌ رابردوودا ته‌وافق نه‌مابوو. هه‌وڵ بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ته‌وافق. ئه‌گه‌ر ته‌وافق له‌ حوكمڕانى عێراق ره‌نگ نه‌داته‌وه‌، بێگومان ره‌نگه‌ ئه‌و هاوبه‌شييه‌ راسته‌قينه‌يه‌ى كه‌ بنه‌ماى به‌يه‌كه‌وه‌ كاركردنى ئێمه‌ بووه‌ و له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ و له‌سه‌رى رێككه‌وتووين، نه‌مێنێت؛ ئه‌و كاته‌ هاوسه‌نگى سياسى و هاوبه‌شى نامێنێت".

گوتيشى: "ئێمه‌ و يه‌كێتى دانيشتنمان بووه‌ و هه‌وڵيش ده‌ده‌ين له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كانى ديكه‌ كۆببينه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانين حكومه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌راكه‌ت له‌ عێراق دابمه‌زرێت و ره‌نگدانه‌وه‌ى شه‌راكه‌تى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت ".

جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ يه‌كێتى رێككه‌وتوون و گوتى: "له‌گه‌ڵ يه‌كێتى وا رێككه‌وتين به‌يه‌كه‌وه‌ بين. به‌يه‌كه‌وه‌ بچينه‌ به‌غدا. هه‌ر يه‌كێكيشمان بچێت بێ ئاگادارى يه‌كدى نه‌بێت. هه‌وڵيش بده‌ين له‌ سه‌ردانه‌كانى ئه‌مجاره‌ به‌يه‌كه‌وه‌ بين. هه‌وڵيش بده‌ين قه‌ناعه‌ت بۆ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ش درووست بكه‌ين، چونكه‌ چه‌ند كورد يه‌كڕيز بێت پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌هێزتر ده‌بێت".

 ئ.ر