عه‌ره‌به‌كان رێز له جه‌بار عوسمان ده‌گرن
"ئه‌و وه‌ستانه په‌یامی رێزه بۆ گیانی ئه‌و گه‌نجه‌ی بووه پاڵپشتی رۆحی برایه‌تی نێوان عێراقییه‌كان"
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك له چالاكوانان و سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به‌كانی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق، بۆ رێزگرتن له گیانی جه‌بار عوسمان، ئه‌و گه‌نجه كورده‌ی له‌پیناو رزگاركردنی ژنه گه‌شتیارێكی عه‌ره‌ب گیانی خۆی به‌خشی و خنكا، له شاری هه‌ولێر گردبوونه‌ته‌وه‌و چه‌ند خوله‌كێك به پێوه راوه‌ستاون. ئه‌وان پێیانوایه ئه‌و وه‌ستانه په‌یامی رێزه بۆ گیانی ئه‌و گه‌نجه‌ی به گیانی خۆی بووه پاڵپشتی رۆحی برایه‌تی نێوان عێراقییه‌كان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه.
چالاكوان و سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه‌كانی عه‌ره‌بی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له‌به‌رده‌م قه‌ڵای هه‌ولێر رێزیان له جه‌بار عوسمان ناوه. كه پێش دوو رۆژ له كاتی هه‌وڵدانی بۆ رزگاركردنی ژنێكی عه‌ره‌بی خه‌ڵكی به‌غدا كه‌وتبووه ناو ئاوه‌وه، له رووباری چۆمان و له گوندی به‌رسیرین خنكا و گیانی خۆی به‌خشی.
شاخه‌وان سه‌باح، میدیاكار و چالاكوان كه له‌ناو گردبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كاندا قسه‌ی كردووه ده‌ڵێت: "ئه‌و راوه‌ستانه‌ی ئێمه په‌یامی عێراقییه‌كان و جیهانه بۆ رۆحییه‌تی قوربانیدان و هاوكاریكردنی نێوان عێراقییه‌كان به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه و په‌یامێكه و ده‌مانه‌وێت بڵێن، عێراقییه‌كان چه‌نده هاوكاریی و خۆشه‌ویستی له نێوانیاندایه و به‌رامبه‌ر یه‌كتری چه‌نده ته‌بان".
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو رووداوه‌كه روویداوه‌و ئه‌و گه‌نجه كورده‌ی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی بووه باسی زۆربه‌ی میدیا ناوخۆیی و عێراقییه‌كان، كاتێك به گیانی خۆی هه‌وڵی رزگاركردنی ژنه عه‌ره‌بێكی ناوه‌ڕاستی عێراقی دا، به‌ڵام دواجار خۆیشی خنكا.
جه‌بار عوسمان ته‌مه‌نی 19 ساڵان بوو، خه‌ڵكی گورندی بهرسیرنه و له شارۆچكه‌ی رواندز ده‌ژیا.