عەلی نیکزاد: ئەمریکا ویستی عێراق بکاتە ویلایەتی 51ـەم، بەڵام بە ناچاری جێیهێشت
"کردنەوە یان داخستنی گەرووی هورمز پەیوەستە بە نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا، نەک بە تویتە بێ بنەماکان"
عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کردنەوە یان داخستنی گەرووی هورمز پەیوەستە بە نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا، نەک بە تویتە بێ بنەماکان. نیکزاد جەختیکردەوە، گەلی ئێران ساڵانێکە بڕیاری داوە سەربەخۆ بژی و سوورە لەسەر ئەو بڕیارە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی نیکزاد لە وتارێکدا پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان روونیکردەوە، کاتێک هێزێکی زلهێز تامی شکستی لە بەرامبەر ئیرادەی پتەو و باوەڕی قووڵی گەلی ئێران چەشت، بە سروشتی هەوڵ دەدات بە کەمپەینی میدیایی، هەڕەشە و دروستکردنی دەنگۆ خۆی لە داننان بەو شکستە بەدوور بگرێت. نیکزاد دووپاتیکردەوە، راستییەکان لە مەیدانەکاندا دیاری دەکرێن نەک بە قسەی بێ بنەما.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نیکزاد روونیکردەوە، ئەمریکا دەیویست عێراق بکات بە ویلایەتی 51ـی خۆی، بەڵام لەنێو شکست و لاوازیدا ناچار بوو عێراق بەجێبهێڵێت، دوای ئەوەی 10 هەزار کوژراو و 31 هەزار برینداری لێکەوتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئێران گوتیشی "هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە و هیچ بەهایەکیان لەسەر زەوی نییە"، راشیگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر سەرکێشییەکی نوێ بە وەڵامێکی توندتر و یەکلاکەرەوە، هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێرانیش ئامادەن بۆ سزادانی دەستدرێژکاران بە شێوەیەک ببێتە وانەیەک بۆ مێژوو.
سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ، عەلی نیکزاد داوای لە دراوسێکان کرد پەیوەندییە مێژوویی و ئایینییەکانیان لەگەڵ ئێران رێکبخەن، بەدوور لە هەڕەشە و هاندانەکانی دوژمنانی ئیسلام.
جەختیشیکردەوە، ئاسایشی بەردەوام و ئابووریی گەشەسەندوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستکەوتێکی هاوبەشە و تەنیا بە هاریکاریی نێوان وڵاتان بەدی دێت. روونیکردەوە، هێزە دەرەکییەکان خەون دەفرۆشن و پارەکەی بە کاش وەردەگرن، بەڵام هیچ بەرهەمێکیان پێشکەش ناکەن و پێشکەوتنی وڵاتانی ناوچەکە بەندە بە هاریکاریی نێوان خەڵکی ناوچەکەوە.