توركیا دەڤەری برادۆست دەسوتێنێ

چەند ناوچەیەك بە سەختی بۆردوومان دەكرێت

K24 - سۆران

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەڤەری  برادۆست لە سنووری ناحییەی سیدەكانی سەر بە قەزای سۆران بۆردوومان دەكەن و بەوھۆیەوە ئاگر لە چەند ناوچەیەك كەوتەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە سەختی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچەكانی خنێرە، لۆلان، خواكوڕك، گەلی موخارێ لە دەڤەری برادۆست بۆردوومان دەكەن".

گوتیشی: "بەھۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ئاگر لە چەند ناوچەیەكی دەڤەری برادۆست كەوتووەتەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بانگەشەی ھەڵبژاردنەكاندا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار توركیا رایگەیاند: "له‌ قه‌ندیل 10 خاڵی گرنگمان كردووه‌ته‌ ئامانج. هه‌روه‌ها له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی تازه‌دا سه‌رله‌نوێ ده‌سته‌ی بەڕێوەبەری قه‌ندیلمان له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌دا كرده‌ ئامانج".

لە لایەكی دیكە ھەر لەبارەی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر خاكی ھەرێمی كوردستان و بەزاندنی ئاسمانی عێراق حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەی خستەڕوو: " "هيچ هه‌ماهه‌نگييه‌ك له‌ نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ نييه‌ له‌ باره‌ى ئه‌و هێرشانه‌ى له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كانى عێراق ئه‌نجاميان ده‌دات".

گوتیشی: "له‌ سه‌روبه‌ندى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيادا، حكوومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ ترسى له‌ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى چه‌كدارى هه‌يه‌ له‌ ناو خاكى وڵاته‌كه‌يدا".

ماوەیەكە توركیا ھێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی بۆسەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان چڕكردووەتەوە، بەشێك گوندنشینانیش ناچاربوونە ماڵ و حاڵیان جێبھێڵن.

ھ.م