لە سێدارەدانی رامین پەناھی دواخرا
ژمارەیەكی زۆر لە چالاكان و ھاوولاتیان لەبەردەم زیندانی سنە مانیان گرتووە
K24 - ھەولێر
شەوی رابردوو ئەگەری جێبەجیكردنی سزای لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناھی، لە ئارادابوو، بەڵام بەھۆی گردبوونەوەی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانان و ھاووڵاتییان، سەرۆكی زیندانی سنە سزاكەی جێبەجێ نەكردووە.
ئەمجەت پەناھی، برای رامین حوسێن پەناھی لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرای كرد، كە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی مەدەنی و كرێكاری لەكاتی گردبوونەوەیان، لەبەردەم زیندانی سنە لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون، بەڵام رێژەی خەڵك بە رادەیەك بووە كە بەرپرسی زیندانی سنە بەھۆكاری ئەمنی و دروست بوونی پشێوی سزای لەسێدارەدانی رامینی راگرت.
ھەرچەندە برای رامین، بەردەوام پێداگری دەكاتەوە كە رامین لەژێر ھەڕەشەی لەناكاوی لەسێدارەدان دایە داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، لە دوا ساتەكاندا گوشارەكانیان بۆسەر ئێران بۆ راگرتنی لەسێدارەدانی رامینی تەمەن 24 ساڵ راگرن.
رامین پەناھی لە 23/6/2017، بە تۆمەتی ئەندام بوون لە پارتێكی سیاسی رۆژھەڵاتی كوردستان، لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیركرا، لە 25/1/2018، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركرا. ماوەی سێ رۆژە ژمارەیەکی زۆر چالاکوانانی مەدەنی و پارێزەرانی رۆژھەڵاتی كوردستان، بۆ پشتیوانی لە رامین و راگرتنی سزای لەسێدارەدانی مانیان لە خواردن گرتووە.
ھ.م