ئەوروپا بۆ پرسی پەنابەران گوێ لە كورد دەگرێت
یەكێتی ئەوروپا بە فەرمی شاندێكی ھەرێمی كوردستان بانگێشت دەكات
K24 - ھەولێر
بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە سووریا و پرسی پەنابەران، یەكێتی ئەوروپا بە فەرمی بانگێشتی شاندێكی ھەرێمی كوردستان دەكات.
دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند: "شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لەو كۆنفرانسە بریتین لە ھۆشەنگ محەمەد بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و دکتۆر نزار عیسمەت بەرێوەبەری تەندروستی دھۆك".
گوتیشی: "شاندی ھەرێمی کوردستان تەنیا شاند بوو کە لە عێراق بانگێشت کرابوو و بەشداری و بۆچوونەکانیان لەلایەن بەشداربواون، کە لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێکھاتبوون بەرز نرخێندرا".
ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و بەڕێوەبەرایەتی یارمەتی مرۆڤی و بەرپرسانی بەشی پەرەپێدانی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوە و بارودۆخی سیاسی و ئابووری و مرۆڤی ھەرێمی کوردستان و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان تەوەری سەرەکی دیدارەکان بوو".
دلاوەر ئاژگەیی ئاماژەی بەوەشدا: "پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا گەیشتووەتە قۆناخێکی باشتر و بۆ سەرجەم پرسەکانی تایبەت بە کوردستان و عێراق شاندی ھەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگێشت دەکرێن".
ھ.م
