كەجەكە وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
"پڕوپاگەندەكانی ئەردۆغان بۆ فریودانی گەلە"
K24 - ھەولێر
هاوسەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) وەڵامی ئەو لێدوانەی ئەردۆغان دەداتەوە كە گوتبووی كۆبوونەوەی سەركردەكانی پەكەكەیان لە قەندیل كردووەتەوە ئامانج.
لە راگەیەندراوێكدا كەجەكە، رایگەیاند: "ئەو زانیارییە درۆیە و ئەو درۆیەش لە كۆشكەوە ئامادەكراوە و دوایین هەوڵیانە بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن".
كەجەكە ئاماژە بەوە دەكات: "رەجەب تەیب ئەردۆغان، ماوەی چەند رۆژێكە بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردندا دەستیكردووە بە درۆی گەورە گەورە، میدیاكانی سەر بە ئەردۆغانیش ئەو درۆیانە یەك لە سەریەك بڵاودەكەنەوە. بەپێی ئەو درۆیە، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا كۆبوونەوەیەكی بەڕێوەبەرانی ئێمەیان بۆردومانكردووە و 35 هەڤاڵمان شەهیدبوون. ئەوە دوایین هەنگاوی ئەردۆغانە و ئەوەش لە دوای ئەوە دێت، كە تێگەیشتووە لە هەڵبژاردندا تێكدەشكێت".
لە بەشێكی راگەیەندراوەكەی هاوسەرۆكایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە ھاتووە: "ئەردۆغان دەیەوێت لە رێگەی ئەو درۆیەوە، دەنگی هەندێك شۆڤێنیست و دوژمنی كورد بەدەست بهێنێت. ئاشكرایە لای خۆیان دەڵێن "ئەگەر چەند رۆژ پێش هەڵبژاردن ئەو درۆیانە بكەین" درۆكانمان ئاشكرا نابن و سوود لەو درۆیانەش وەردەگرین. ئەو درۆ بێ بنەمایە لە كۆشكەوە ئامادە كراوە. ئەوەش دەزانێت ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لە دژی ئەو درۆیە قسە بكات و ئەگەر ئۆپۆزسیۆن رووبەڕووی بێتەوە، پێی دەڵێت "ئێوە لایەنگری تیرۆرن" و لەو رێگەیەوە بێدەنگیان دەكات".
كەجەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "تائێستا ئۆپۆزسیۆن هیچ وەڵامێكی ئەو درۆیەی ئەردۆغانی بۆ هەڵبژاردن نەداوەتەوە، ئێمە ماوەیەك لەوە پێش لە هەندێك رێگاوە رامانگەیاندبوو، پێش هەڵبژاردن پەنا دەبنە بەر پیلانگێڕیی و كاری تێكدەرانە، درۆی "ئێمە لە كۆبوونەوەیەكمان دا و 35 بەڕێوەبەر لەناوچوون" سەلمێنەری ئەو قسەیەی ئێمەیە".
كەجەكە راشیگەیاندووە: "دەبێت هەموو گەلانی توركیا، هێزە دیموكراسیخوازەكان، حیزبە سیاسییەكان و ئۆپۆزسیۆن ئەوە بەباشی بزانن، كە ئەو پڕوپاگەندە، درۆیە و بۆ فریودانی گەل بڵاوكراوەتەوە، دەیانەوێت بەو درۆیە لە هەڵبژاردندا سەركەوتن بەدەست بهێنن. پێویستە گەلیش لە سندوقەكانی دەنگداندا، ئەو كەسە درۆزنە و حزبەكەی بێزار و تەنگاو بكەن، چونكە دەیانەوێت لەو هەلومەرجە نایەكسانەدا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، هەندێك ناهەقی ئەنجام بدەن و دەنگی هەندێك كەسی نەتەوەپەرست، شۆڤێنیست و دوژمنی كورد بەدەست بهێنن".
ھ.م