بەڵگەی ساختەكاریی ھەڵبژاردنەكانی توركیا دەخرێنەڕوو
زۆربەی ساختەكارییەكان لە باكووری كوردستان كراوە
K24 - ھەولێر
بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ساختەکارییەکان لە شاری رحای باکووری کوردستان لە میدیاکانی تورکیا و جیھان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا. دهگوترێت" ساختەکارییەکان لەبەرژەوەندی پارتی دەسەڵاتدار کراون". جیا لە ساختەکارییەکان ھێزە ئەمنییەکان بە چەکەوە ھەڕەشەیان لە دەنگدەران كردووە. بەتایبەتی لەوناوچانەی کە ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی پارتە کوردییەکان تێدا باڵا دەستن.
پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) کە لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا بە سەرەکیترین پارتی رکابەری پارتی دیموكراتی گەلان (ئاکەپە) دادەنرێت. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە پەرەدەی لەسەر چەندین ساختەکاری دیار ھەڵماڵی، کە لە بەرژەوەندی پارتی دەسەڵاتدار ئەنجامدراوە.
بوڵەنت تەزجان، وتەبێژی جەھەپە دەڵێت: "لە شاری رحا چەندین پێشێلكاری ئەنجامدراون، ھەروەھا لەناوچەی ئەیوبییەش بەھامنشێوە پێشێلکاری زۆر کراوە 100 دەنگ خراونەتە ناو سندووقەکانی دەنگدان و ئەو دەنگە ساختەكانیش لەبەرژەوەندی پارتی دەسەڵاتدار دراون".
شوێنی تۆمارکردنی ساختەکارییەکان ئورفا بووەو پێشبینی دەکرێت ھەدەپە زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بھێنێت. بە ھەموو شێوەیەك رێگری لێكراوە كە زۆرینەی دەنگەكان بە دەست نەھێنێت".
تەرجان بەڵگە و ڤیدیۆی پێشێلکارییەکانی بۆ میدیاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ھێزە ئەمنییەکان لە بری پاراستنی ئاسایشی پرۆسەکە بەچەکەوە ھەڕەشەیان لە دەنگدەران كردووە".
دەشڵێت: "لە پرسووس ھێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان ھەڕەشەیان لە دەنگدەران كردووە و کەشی ھەڵبژاردنەکانیان تێکداوە. جیالەوەش رێگەیان نەداوە کارمەندان کارەکانی خۆیان بەباشی بەرێوەببەن. ئەوەمان لە پرسوس بینیوە و ھێزە ئەمنییەکان دەیانویست فشار بخەنە سەر خەڵکی و ترس و تیرۆر و تۆقینیان بڵاوكردەوە".
دوای ئاشکرا بوونی ساختەکارییەکان پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن داوایان لە خەڵك و دەنگدەرانیان کرد چاوکراوەبن و رێگە نەدەن ساختەکاری بکرێت. بەھەزاران کەس بەدەم بانگەوازەکەیانەوە چوون و لە نزیك بنکەکانی دەنگدان کۆبوونەوە.
ھ.م