بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتوو ھاوپەیمانێتیان راگەیاند
یەكگرتوو روو لە بزووتنەوە و پشت لە كۆمەڵ دەكات
K24 - ھەولێر
ھەر یەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكانی كوردستان ھاوپەیمانێتیان راگەیاند.
لە راگەیەندراوێكی ھاوبەشدا یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایانگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 25/6/2018 لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا هەردوولا رێككەوتن، بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بە لیستێكی هاوبەش لەژێر ناوی (بەرەو ئیصلاح) بەشداری بكەن و هەر ئەمڕۆش هاوپەیمانیەتەكە لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان تۆماركرا".
بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی هیواخوازن: "هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەپاك و بێگەردی دوور لە گزیكاری و توندوتیژی بەرێوە بچێت و وێستگەیەك بێت، بۆ راستكردنەوەی رێرەوی پڕۆسەی سیاسی هەرێم و چەسپاندنی دادپەروەری و ئاشتی و سەقامگیری سیاسی و نەهێشتنی ستەم و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستاندا و سەرەنجام دەربازكردنی هەرێم لەم قەیران و تەنگژانەی كەپێوەی گرفتارە".
بەپێی ئەو ماوەیەی كە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان دیاریكردووە، ئەمڕۆ دوا وادیە بۆ دروستكردنی ھاوپەیمانیەتی لەنێوان لیستەكان.
ھەرچەندە لە ساڵانی رابردوو پارتە ئیسلامیەكانی باشووری كوردستان، چەندین ھەوڵیان بۆ پێكھێنانی بەرەیەكی ئیسلامیدا، بەڵام بەھۆی ناكۆكییەكان نەیانتوانی بگەنە رێككەوتن.
ھ.م