سه‌رۆك بارزانى هيوا ده‌خوازێت چاره‌سه‌رێكى نوێ بۆ پرسى كورد له‌ توركيا بدۆزرێته‌وه‌

ببنە ھۆکاری ھێنانەدی سەقامگیری زیاتر و ئاشتی لە ناوچەكە

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، له‌ هه‌ژمارى تايبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر، هيواى خواستووه‌، چاره‌سه‌رێكى نوێ بۆ پرسى كورد له‌ توركيا بدۆزرێته‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانى هيواشى خواستووه‌، دواى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان چاره‌سه‌رێكى نوێ بۆ پرسى كورد له‌ توركيا بێته‌ ئاراوه‌.

سه‌رۆك بارزانى نووسيويه‌تى: "خۆشحاڵبووم كە ھەڵبژاردنەكانی توركیا بە ئاشتی و دیموكراسی ئەنجامدران، ھیواخوازم ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان رێگە لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەرێكی نوێ بۆ پرسی كورد لە توركیا خۆشبكەن و ببنە ھۆکاری ھێنانەدی سەقامگیری زیاتر و ئاشتی لە ناوچەكە".

ئه‌مڕۆ هه‌زاران هاووڵاتى كورد له‌ باكوورى كوردستان ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتنى پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى (هه‌ده‌په‌)يان گێڕا، دواى ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى توركيا، كه‌ دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌و پارته‌ كوردييه‌ توانى 67 كورسى به‌ده‌ست بهێنێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى توركياشدا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، جارێكى ديكه‌ وه‌ك سه‌رۆك هه‌ڵبژێردرايه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ريشدا سه‌لاحه‌دين ده‌ميرتاش، توانى رێژه‌ى 8.1 له‌ سه‌داى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت.

ده‌ميرتاش له‌ 10 ويلايه‌تى توركيا له‌ رووى ژماره‌ى ده‌نگه‌كانه‌وه‌ له‌ پله‌ى يه‌كه‌مدا بوو.

له‌ ويلايه‌تى دياربه‌كريش، له‌ كۆى 12 كورسى په‌رله‌مانى، هه‌ده‌په‌، 9 كورسى به‌ده‌ستهێنا و پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان ته‌نيا 3 كورسى به‌ده‌ستهێنا.

دواى پارتى گه‌لى كۆمارى به‌رهه‌ڵستكار، هه‌ده‌په‌ ده‌بێته‌ دووه‌م گه‌وره‌ترين پارتى به‌رهه‌ڵستكارى پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان له‌ په‌رله‌مانى توركيا.

ئ.ر