ناڕازییەكان بەبێ كورسی رازی نابن

ھۆشداری لەبارەی دۆخی سیاسی دەدرێت

K24 - سلێمانی

نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی باشووری کوردستان، لەبارەی مەترسییەکانی دۆخی سیاسی عێراق، لەدوای ھەڵبژاردنەکەی 12ی ئایاری ئەمساڵ، ھۆشداری ئەوە دەدەن كە دەبێ بەزووی گۆڕانکاری رووبدات و گرفتەکان چارەسەر بکرێن، بەوپێەی چارەسەرنەکردنی ناڕەزایەتییەکان بۆشاییەکی گەوره‌ی سیاسی و ئەمنی دروست دەکات، بەشێك لە لایەنە ناڕازییەكانیش رایانوایە تا "دەنگە راستییەكانیان" بۆ ھەژمار نەكرێت ناچنە ناو ھیچ بەرەیەكی كوردستانی لە عێراق.

ئەندامێکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، سووربوونی بزووتنەوەکەی نیشان دەدات، لەوەی دەبێت سەرەتا دەنگەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە ئەوكات، بڕیار ده‌ربارەی ھاوپەیمانی كوردستانی و چۆنییه‌تی چوونه‌وه‌ بۆ بەغدا دەدەن.

کوێستان محەمەد، ئەندامی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "دوای ئەوەی كە دەنگە حەقیقی و كورسییە راستییەكانمان بە دەست ھێنایەوە، ئەوكات لەگەڵ ھاوپەیمانەكانمان دادەنیشین و بڕیار دەدەین، ئێمە بە تەنھا بڕیار نادەین و لەگەڵ ئەو لایەنانەی وەك ئێمە دەنگەكانیان دزراوە پێكەوە گفتوگۆ دەكەین و بڕیاری گونجاو دەدەین".

زۆرێك لە بەرپرسان بڕوایان وایە نا لەباری دۆخی سیاسی عێراق، بۆشایی گەورەی ئەمنی لە زۆربەی پارێزگاکان دروستکردووە، بەگرنگیشی دەزانن لایەنەکان ھەموویان لەئاستی خۆیانەوە بێنەپێشەوە و ئەم قۆناخە نالەبارە تێپەڕێنن.

لەوبارەوە فەخرەدین قادر، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی و یەكێتی، پێویستە بە فۆڕمێكی نوێ پێداچوونەوە بە ئاراستەكانی خۆیاندا بكەن، بتوانن لەگەڵ پارتە سیاسییەكانی دیكە بێنە پێشەوە، ھاتنە پێشەوەی ئەوان، نەك وەكجاران بێت لایەنەكانی دیكە بە پێدانی پۆست قایل بكەن. بەبڕوای من ھەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر مەترسی گەورە، كە پارتی و یەكێتی بەرپرسیاری یەكەمن لە دۆخەكە".

لایەنە ناڕازییەکان ھێندە لەبارەی رووداوەکانی دوای ھەڵبژاردنەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەتەوە لەژماردن نایەت، ناشزانن چەند جاری دیکە کۆدەبنەوە، بەڵام ھێشتا بێ ئومێدنین و دەڵێن ھەر دەگەین بەئەنجام،  لەبارەی پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییه‌كی كوردستانیش بۆ چوونەوه‌ بەغدا، پێیانوایه‌ ھێشتا زووە تا بڕیار لەوبارەیەوە بدەن.

رێبوار كەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 گوت: "لەكاتێكدا كە لە ھەڵبژاردن تەزویر كرابێت و دەنگی خەڵك دیار نەبێت، گرفتی گەورە ھەیە لەبەردەم كاری پێكەوەیی بوون، دەبێ ئەوە ھەنگاوی سەرەكی بێت كە دەنگەكان بگەڕێندرێنەوە، دواجار پلانێكی ستراتیژیی دابنرێت بۆ بە دەستھێنانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان لە عێراق".

ھ.م