رۆژێك بۆ قوربانیانی شەڕی داعش دیاردەكرێت
ھێزی پێشمەرگە لە تێشكشكاندنی داعش پشكی شێری بەردەكەوێت
K24 - سلێمانی
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیازێکی قبووڵکردووە کە رۆژێکی ساڵ وەك رۆژی جیھانی قوربانیانی داعش دیاربکرێت و لە 2ھەتا 6ی تەممووزی ئەمساڵ، پەرلەمانی ئەوروپا دەنگ لەسەر ئەم پێشنیازە قبوڵکراوە دەدات.
شەڕی داعش و تێکشکاندنی ئەو گرووپە توندڕەوە، بەشی زۆری ئەو قارەمانیەتییە بەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەكەوێت، ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵ بێت وێنەیەکی تایبەتی قارەمانێتی ئەو ھێزەی لای جیھان دروستکرد، وەك وەفایەکیش بۆ قوربانیانی ئەو شەڕە و وەکو رێزێکیش بۆ کەسوکاریان پەرلەمانی ئەوروپا پێشنیازێکی قبوڵکردووە کە رۆژێکی جیھانی بۆ قوربانیانی داعش دیاربکرێت. فەرماندەیەكی سەربازی، کە رۆڵێکی باڵای لەو شەڕەدا گێڕاوە دەڵێ، بۆ دیارکردنی ئەو رۆژە دەبێت پێشنیازی حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە وەربگیرێت.
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووك بە كوردستان24 راگەیاند: "دیاركردنی ئەو رۆژە وەك خزمەت و بیرھێنانەوەیەكە، كە لەو شەڕەدا خەڵكێكی زۆر شەھیدبوون و بوونەتە قوربانی و ماڵی وێرانكراوە. دیاركردنی ئەو رۆژە وەك مێژووێكی زیندووە بۆ نەوەی نوێ، بۆ ئەوەی بزانن كە گرووپێكی تیرۆرستی بەناوی ئیسلامەوە، ئەوەی توانیویەتی دژی مرۆڤایەتی كردویەتی".
فەرماندەیەکی دیکەی پێشمەرگەش رایدەگەیەنێت، شەڕی داعش تەنیا ھەڕەشە نەبوو بۆسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵکو ھەڕەشە بوو بۆسەر ھەموو جیھان، بۆیە دیارکردنی رۆژێکی بەناوی قوربانیانی ئەو شەڕە بە گرنگ دەزانێت، ھاوکات ئەویش پشتگیری ئەوە دەکات کە ھەماھەنگی لە گەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی گشتی ھێزەکانی پێشمەرگە بکرێت.
جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70 دەڵێت: "بە شایەدی ھەموو جیھان، ھێزی پێشمەرگە لەجیاتی ھەموو دونیا شەڕی داعشی كردووە، بۆیە دیاركردنی رۆژێك بۆ قوربانیانی شەڕی داعش بە كارێكی پیرۆز دەزانین، چونكە شەھیدانی شەڕی داعش تەنھا شەھیدی ھێز و وڵاتێك نین، بەڵكو شەھیدی ھەموو جیھانن".
ساڵی 2014 عێراق و ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەڕی رێکخراوی داعش بوونەوە، کە ئەوکات داعش یەك لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیرکرد، بەڵام قارەمانێتی ھێزەکانی پێشمەرگە مەترسییەکانی ئەو رێکخراوەی لە ناوچەكە رەواندەوە و لە یەكەم ئۆپەراسیۆندا توانی سەنگەرەكانی داعش تێك بشكێنێ، لەو پێناوەشدا زیاد لە 13ھەزار پێشمەرگە شەھید و برینداربوون.
ھ.م