منداڵی سەركردەیەكی داعش دۆزرایەوە
منداڵانی چەكدارانی داعشن لە خانەیەك پەروەردە دەكرێن
K24 - ھەولێر
لە شاری مووسڵ خانەیەكی منداڵانی بێسەرپەرشتان ھەیە، كە بەشێكی زۆری ئەوانەی لەوێن دایك و باوكییان لەنێو رێكخراوی داعش بوون و بەھۆی شەڕ و بۆردوومانەكانەوە كوژراون، خانەی زھور، دەیان منداڵی لەوشێوەی لەخۆگرتووە و سەرپەرشتیاری خانەكەش رایدەگەیەنێت، ژمارەی منداڵەكان زۆرن و تەنیا چەند بەخێوكەرێكمان بۆ دابینكراوە.
سەكینە محەمەد، سەرپەرشتیاری خانەی زھور بۆ منداڵانی بێسەرپەرشت لە مووسڵ دەڵێت: "یەكێك لە منداڵانمان لەخۆگرت دوای بەدواداچوون بۆمان دەركەوت باوكی ئەمیری نیشانشكێنەكان بووە. منداڵاكە نەوەی قەندەھارییەكان بوو، ئەوانەی لە داعش پێیان دەگوترا ئەشباللخیلافە، بردمەوە ماڵەوە و ھەندێك باسی ژیانم بۆ كرد و پێم گوت ژیان بەمشێوەیە نییە و پێویست دەكات ژیانی خۆی وەك منداڵێك بەسەر ببات، دواتر وێنەكەیم بڵاوكردەوە و كەسوكارەكەی ھاتن و بردیانەوە".
خانەی زھور لە مووسڵ، دەیان منداڵی بێ دایك و باوك و ئەو منداڵانەی داعشی لەخۆگرتووە كە ئێستا بێ كەسوكار ماونەتەوە، بەڵام وەك سەرپەرشتیاری خانەكە باسی دەكات، كەموكوڕییان لە فەرمانبەر و بەخێوكەر ھەیە. ساكینە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: "كەموكوڕیمان لە فەرمانبەر ھەیە، 11 منداڵی شیرەخۆرەمان ھەیە، یەك بەخێوكەر سەرپەرشتییان دەكات، شەویش یەك كەس، بەڕاستی كارەكەمان زۆر ئەستەمە، 32 منداڵی دیكەمان ھەیە تەمەنییان لە نێوان ساڵێك بۆ دوو ساڵ و نیو دایە".
ھ.م