يەکێتی ئەوروپا بڕیاری لەسەر چارەنووسی پەنابەران دا
سەرۆکی پهرلهمانى یەکێتی ئەوروپا لە بارەی کێشەی پەنابەران بۆ کوردستان24 دەدوێت
K24 – برۆكسل:
دوای نزیکەی 10 کاتژمێر لە کۆبوونەوە و گفتووگۆکردن، ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا دوێنێ پێنجشهممه لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، گەشتنە چەند رێککەوتنێک لەبارەی کێشەی پەنابەران و سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپاش روونکردنەوەی زیاتر بۆ کوردستان24 دەدات.
ئەنتۆنیۆ تایانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دواین هەوڵی چارەسەری کێشەی پەنابەران، له وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24 رایگەیاند: "پێویستە یەکێتی ئەوروپا، هاوشێوەی تورکیا، بڕی سێ ملیار یۆرۆ پێشکەش بە لیبیا بکات بە مەبەستی کۆتایهێنان بە کێشەی ناردنی پەنابەران لە وڵاتەوە".
بە گوێرەی هەواڵى سايتى (بی بی سی)، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردراوە، "ئەو پەنابەرانەی نائاسایین(هۆکاری تەواویان نییە بۆ مافی پەنابەرێتی)، بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
جیا لەوەش، ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان دەدرێتێ، بەسەر وڵاتانی ئەوروپا دابەشدەکرێن، تاکو وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا فشاری زیاتری نەچێتە سەر بە بەراورد بە وڵاتێکی دیکه.
هەروەها ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ئاسایشی سنوورەکانیان بەهێزتر بکەن و وەک ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ کوردستان24 دوا، لە رێگای تەرخانکردنی پارەی زیاتر کۆنترۆڵی هاتنی لێشاوی پەنابەران لە تورکیا و لیبیا بکەن.
کێشەی زۆری پەنابەران و زیاد بوونی تاوان بەهۆیەوە، بووهتە باسی زۆری ئەوروپییەکان، یەکێتی ئەوروپاش بۆ ئەو مەبەستە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی لە دژی هەندێک پەنابەران دەرکرد.
هـ.ج