هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش هاووڵاتییانی كه‌ركووكى خستووه‌ته دڵه‌ڕاوكێ
گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به زه‌رووره‌ت ده‌زانن
K24 - كه‌ركووك:
تادێت دۆخی ئەمنی پارێزگای كەركووك بەرەو خراپی دەچێت، بەھۆی ترس لە ھێرشەكانی داعشیشەوە، ته‌واوی هێزه‌كانی پۆلیس لە كەركووك و له پردێش پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.
ھاووڵاتیانی شارەكەش داوای یەكھەڵوێستی كورد و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەكەن.
ئەو كاتەی لە 16 ئۆكتۆبەری رابردوودا ھێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی دەستییان بەسەر كەركووك و خورماتوودا گرت، بانگەشەی گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییان دەكرد، بەڵام بە درێژایی ئەم ماوەیە نەیانتوانیووە دۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكەن، ھاووڵاتیانی شارەكەش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن.
بەھۆی ترس لە ھێرشی داعش بۆ سەر شارەكە، به فه‌رمانی عه‌لی كه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی شاری كه‌ركووك، ته‌واوی هێزه‌كانی پۆلیس خراونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە دۆخی ناو كه‌ركووك زۆر خراپه، بۆیه هێزه‌كانمان له شارۆچكه‌ی پردێ خراونه‌ته حاڵه‌تی ئاماده باشییه‌وه.
له چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا، ژماره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی رفاندن و كوشتن له باشووری كه‌ركووك روویاندا، لەگەڵ ئەوەی پارێزگاكەش كراوەتە سەربازگە بەڵام نەتوانراوە دۆخی ئەمنی كۆنتڕۆڵ بكرێت.
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه، كاتێك گرووپێكی دیاریكراوی ناو حزبێك، به رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێر، كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كان كرد، دۆخی ئه‌منی ناوچه‌كه تێكچووه و تا ئێستاش هێزه عێراقییه‌كان نه‌یانتوانيوه هاووڵاتییان له هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بپارێزن.
ا. م