گۆرانی ژنێکی سعوودیی بۆ بە یاساییکردنی شۆفێری هەرادەنێتەوە

بە راپ پێشوازی لەو یاساییە دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ژنێکی سعوودیی بە گووتنی گۆرانی بە شێوازی (راپ)، پێشوازی لە لابردنی یاسای قەدەغەکردنی شۆفێریی لە لایەن ژنانەوە دەکات و گۆرانییەکەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

گۆرانیەکە ناوی "ئێمە شۆفێری دەکەین" لەلایەن پێشکەشکاری پێشووی تەلەڤزیۆنی سعوودییە، لیسا، گوتراوە و باس لە هەستی ژنان دەکات لە کاتی شۆفێری و وازهێنان لە بەکارهێنانی تەکسی بۆ هەموو کارێک.

بە گوێرەی پێگەی ئەلیکترۆنی گۆڵف نیوز، ئەو پێشکەشکارە پێشتر لە لایەن کاربەدەستانی سعودییە رەخنەی لێگیرابوو بەوەی جل و بەرگی تەواو داپۆشراوی نەپۆشیوە، پاشان بەهۆی زیادبوونی تۆمەتەکانی سەری، سعوودیەی جێهێشت.

ئەو گۆرانییە، لەلایەن هەندێک لە خەڵكی سعوودییە رەخنەی لێگیراوەو  دەڵێن: "ژنان ئەوە دەکەن ئەگەر ئازادییان بدەیتێ". هەندێکی دیکەش بە کارێکی نوێ و کاریگەر وەسفی دەکەن.

تاکو ئێستا ئەو گۆرانییە کە لیسا لە هەژماری خۆی لە ماڵپەڕی یوتیوب بڵاویکردۆتەوە، زیاتر له‌ 500 هەزار تەماشاکەری هه‌بووه‌.