عێراق دهكهوێته بۆشایی دەستوورییەوە
حكوومەتی عێراق دەبێتە حكوومەتێكی كاربەڕێكەر
K24 - ھەولێر
دوای تەنیا یەك رۆژی دیكە، عێراق دەكەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە و حكوومەتیش دەبێتە حكوومەتێكی كاربەڕێكەر، ھاوكات، رێكخراوی داعش ئاڵۆزییە سیاسییەكانی بۆ ئەنجامدانی ھێرش و كردەوەكانیان لە دژی ھێزەكانی عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی قۆستووەتەوە.
ئەگەرچی دوای 30ی حوزەیران و بەھاتنی یەكەم رۆژی مانگی تەمووز، عێراق دەكەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە، بەڵام بەھۆی تەواونەبوونی رێژەیی یاسایی پەرلەمانتاران لە كۆبوونەوەكان و فشاری زۆری ئەو لایەنانەی دژی درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی پەرلەمان بوون، ئەنجوومەنی نوێنەران گفتوگۆی لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی داخست.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "بابەتی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان كۆتایی ھاتووە و ئێستا چاوەكان زیاتر لەسەر بەدەست ھەژماركردنەوەی دەنگەكان دەبێت".
ھەرچەندە بەرای شارەزایانی دەستووری و یاسایی تا دوو مانگیش ئاساییە وڵات لە بۆشایی دەستووری دابێت، حكوومەتیش وەك كاربەرێكەر دەتوانێت درێژە بەكارەكانی بدات.
ھاوكات، تادێت مشتومڕی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی ھاوپەیمانێتییەكان بەردەوامە و لەولاشەوە رێكخراوی داعش ئاڵۆزییە سیاسییەكانی بۆ ئەنجامدانی ھێرش و كردەوەكانیان لە دژی ھێزەكانی عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە چەندین ناوچەی پارێزگاكانی ئەنبار، دیالە، سەڵاحەدین، نەینەوا و كەركووك قۆستووەتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا لە چەند مانگی رابردوودا دەیان سەرباز و ئەندامی ھێزە ئەمنییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی، بەدەستی داعشەوە كوژراون.
ھ.م