به‌ڤیدیۆ.. 250 سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدولواحید تۆمارده‌كرێن
"شاسوار عه‌بدولواحید حزبه‌كه‌ی به پاره‌ی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤیلاند دامه‌زراندووه"
K24- هه‌ولێر:
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وته‌بێژی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤیلاند له‌شاری سلێمانی رایگه‌یاند، "ئه‌و پاره‌ی بۆ پرۆژه‌ی چاڤیلاند داماننابوو، هیچمان لێ قازانج نه‌كرد و بگره ئه‌وه‌ی كه خه‌رجیشمانكرد بۆمان نه‌گه‌ڕێندرایه‌وه".
ماكوان حه‌مه فه‌ره‌ج، وته‌بێژی خاوه‌ن پشكه‌كانی چاڤیلاند گوتی، "سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێ ئێمه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و هه‌موو پاره‌كانی ئێمه‌ی بۆ دامه‌زراندنی حزبه‌كه‌ی به‌كارهێنا"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له پرۆژه‌ی چاڤیلاند شاسوار عه‌بدولواحید ده‌ستی به‌سه‌ر پشك و پاره‌كانی زیاتر له 10 هه‌زار كه‌سدا گرتووه و، تائێستا 250 سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆماركراوه، به‌ڵام هیچ كه‌س و لایه‌نێك به‌ده‌م داواكاری و سكاڵاكانمانه‌وه نه‌هاتووه".
ناوبراو دووپاتیشیكرده‌وه، "ئێستا پارێزه‌ره‌كه‌شمان ناتوانێت داكۆكی له مافه‌كانمان بكات، چونكه به‌به‌رده‌وامی هه‌ره‌شه‌ی لێده‌كرێت و فشاری زۆری خراوه‌ته سه‌ر، بۆیه له‌كه‌یسه‌كه كشاوه‌ته‌وه"، گوتیشی، "تائێستا چه‌ندین جار سه‌ردانی دادگا و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان كردووه، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه ده‌ستاوده‌ستمان پێ ده‌كه‌ن و به راشكاوانه‌ش پێمان ده‌ڵێن، ئێمه خۆمان له‌شه‌ڕی ئه‌و كابرایه "شاسوار عه‌بدولواحید" ناده‌ین".
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، "هه‌رچه‌نده دوای ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه بێ ئه‌نجامانه‌مان نازانین روو بكه‌ینه كوێ بۆئه‌وه‌ی پشك و پاره‌كانمان بگه‌ڕێنینه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ له‌مه‌ودوا به‌رامبه‌ر ئه‌و فرت و فێڵانه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید بێده‌نگ نابین و خۆمان داكۆكی له‌مافه‌كانمان ده‌كه‌ین و تا مافه‌كانمان به‌ده‌ست ده‌هێنین، هه‌میشه روو له كامێراكانی راگه‌یاندن ده‌كه‌ین".
له‌و كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌دا، ماكوان حه‌مه فه‌ره‌ج ده‌می قسه‌كانی له شاسوار عه‌بدولواحید كرد و گوتی، "ئه‌گه‌ر چاڤیلاند شكستی هێنابێت، ئه‌ی بۆچی هێشتا كار ده‌كات؟"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك داوای پشكه‌كانیان ده‌كه‌ن، پێیان ده‌گوترێت "پڕۆژه‌كه شكستی هێناوه".
H.B