گۆڕان دەرگا لە یەكێتی ناكاتەوە

یەك لیستی لایەنە ناڕازییەكان شكستی ھێنا

K24 - سلێمانی

ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چوار لایەنی لە ھەرێمی کوردستان لەیەك نزیك کردەوە، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە دەگوترا بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی كوردستان بە یەك لیست بەشداری دەكەن. بەڵام ھەوڵەكانیان بۆ پێكھێنانی یەك لیستی سەری نەگرت، ئێستا ئەو لایەنانە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ رێکەوتنی دوای ھەڵبژاردن.

ھەر بەھۆی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان ئاڵۆزتر بوو، ئەندامێكی چڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایدەگەیەنێت، لە دوای رووداوی تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان و "دزینی دەنگەكانی گۆڕان" تائێستا دەرگایان لە یەكێتی نەكردووەتەوە.

گۆڕان و ھاوپەیمانی و کۆمەڵ و یەکگرتوو، لە پاڵ ھەوڵدان بۆ ساخکردنەوەی دەنگەکانیان، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، خەیاڵیان لای ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستانە، ئەو لایەنانە گەشتبوونە ئەو بڕوایەی کە بەیەك لیست بەشداری ھەڵبژاردنەكانی كوردستان بکەن، بەڵام رێكنەكەوتن، بزووتنەوەی گۆڕان پێوایە، پێکنەھێنانی یەك لیستی بۆ ئەوە بووە ھەر لایەنەو قەبارەی راستەقینەی خۆی بزانێت.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "ناتوانین تا دوایی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنەكان ئاسایی نەبێتەوە، دەبێ دەرگامان كراوەبێت بەو لایەنانەش كە زوڵمیان لێمان كردووە. بەڵام لە دوای تەقەكردن لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان و دزینی دەنگەكانی گۆڕان و ھاوپەیمانەكانی، ئێمە ھیچ دەرگایەكمان بەرووی یەكێتیدا نەكردووەتەوەو لەگەڵیشیان كۆنه‌بووینەتەوە".

ھەموو لایەنە ناڕازیەکانی ھەرێم خواستی یەك لیستیان ھەبووە، ھاوپەیمانیش یەکێکە لە لایەنەکان، بۆ دروستنەبوونی یەك لیستی دەڵێن، ئەو لایەنەنانە کاری ھاوبەشیان ھەبووە، بەڵام لەسەر چوارچێوەی پێکھێنانی یەك لیستی بۆچوونیان جیاوازە.

رێبوار کەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێت: "ئێمە لایەنی سیاسیین، لایەنی سیاسیش گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی بگەن بە خاڵی ھاوبەش، خۆشبەختانە لەگەڵ ئەو لایەنەنانە كاری ھاوبەشمان ھەیە و ھیچ گرفتێك نییە بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوانمان بۆ قۆناخەكانی داھاتوو، ھەروەھا برە و دەدەین بەكاری ھاوبەشمان. یەكێك لەكارەكان پێكھێنانی یەك لیستی بوو، بەڵام سەری نەگرت، دەكرێ لە قۆناخی داھاتوودا بە شێواز و رێگەی دیكە پەرە بە كاری ھاوبەشمان بدەین".

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لایەنە ناڕازییەكان لە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، رێكکەوتنیان کردووە کە لەنێو پەرلەمانی داھاتوو، یەک فڕاکسیۆن پێکبھێنن.

ھ.م