پەرلەمانی كوردستان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری درێژكردەوە

ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری لایەنە ئیسلامییەكان دژی یاساكەن

K24 - ھەولێر

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە كوردستان درێژكرایەوە.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری درێژكردەوە".

گوتیشی: "نزیك 10 پەرلەمانتار كە زۆربەیان لەلایەنە ئیسلامییەكان بوون، دژی درێژكردنەوەی پڕۆژە یاساكە بوون".

مەردان خدر، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 راگەیاند: "تیرۆر لە جیھان بووەتە مەترسییەكی ھەمیشەیی، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە كوردستان، وەك یاسایەكی كاتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، پێشتریش چەند جارێك درێژ دەكراوەتەوە، لە ساڵی 2016 بەھۆی ئەو دۆخەی كە ھەبوو، پەرلەمانی كوردستان نەیدەتوانی كۆببێتەوە، بۆیە یاساكە درێژ نەكراوەتەوە".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان درێژكردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خرابووە بڕگەی یەكەم و بە زۆرینەی دەنگ درێژكرایەوە و خرایە بواری كاركردنەوە. ئێمە پێمانوایە كە درێژكردنەوەی ئەو یاساییە دەبێتە ھاندانێك بۆ دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان كە بتوانن دەستكراوەتر و باشتر لە ھەرێمی كوردستان رووبەڕووی مەترسییەكانی تیرۆر ببنەوە".

ھ.م