دۆخی ئەمنی كەركووك دەشڵەژێت
خەڵكی كەركووك داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن
K24 - كەركووك
بەھۆی تەقینەوە و ھێرشەكانی داعش لە سنووری كەركووك، دۆخی شارەكە دەشڵەژێت و لایەنە سیاسییە كوردییەكان و خەڵكی كەركووك داوا دەكەن بۆ پاراستنی خەڵك و ناوچەكە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك.
لەم دوایەدا داعش چەندین تەقینەوە و ھێرشی لە سنووری پارێزگای كەركووك ئەنجامداوە، دوایین جاریش روودانی دوو تەقینەوەبوو لە رۆژی 1/7/2018، كە بووە ھۆی گیان لەدەستدانی ھاووڵاتییەك و برینداربوونی 21 كەسی دیكە لەنێو بریندارەكانیشدا چەكدارەكانی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق ھەبوون.
یەکێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی ئەو تەقینەوەیان کردووە هەر ئەو کەسانەن کە دەستیان لە ئەنجامی ناو سندووقەکانی دەنگداندا ھەبوو، ئەم کارەشیان بۆ شاردنەوەی ئەو کارە کردووە. ئەمەش لەكاتێكدایە كە بڕیارە پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست لە كەركووك دەست پێبكات، بە بڕوای ھەندێك لایەنی سیاسی پێناچێت تا ئەوكات رەوشی سیاسیی و ئەمنی ئارام ببێتەوە.
بە بڕوای بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان، یەكێك لە تەقینەوەكانی ی1 تەمووز لە كەركووك، ئامانج لێی سندووقەکانی دەنگدان بوو، لەنزیك كۆگایەكی ھەڵگرتنی سندووقەكان تەقییەوە، كە بەھۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر ئەنجامەكانی ھەڵبژاردن، زیاتر لە مانگێکە سندووقەکان لەو شارەن و نەبراونەتە بەغدا، بەڵام قوربانییەکانی لە هێزە ئەمنیەکان و هاووڵاتییان بوون، پاشماوەی تەقینەوەکەش هێشتا ماوە. یەکەم هێزی سیاسی کە قسەی لەسەر تەقینەوەکەی بەردەم کۆگای سندووقەکانی دەنگدان کرد یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوتی: "گومانمان ھەیە دەستكاری قوفڵی سندووقەكانی دەنگدان لە كەركووك كرابێت، نانەوەی پشێوی بۆ ئەوەیە كە لەكاتی ژماردنەوەی دەنگەكان بە دەست بڵێن، پەیوەندی بە تەقینەوەكانەوە ھەیە، بەپێی زانیاری ئێمە قازیەك كە سەردانی كۆگاكەی كردووە، گوتویەتی دەستكاری قوفڵ كراوە".
بەتەنها یەکێتی نەبوو کە رەخنەی له دۆخی ئەمنی شارەکە ھەیە، بەڵکو هێزە سیاسییەکانی دیکەش هەر خاوەن هەمان بۆچونن، بەڵام ئەم هاوبۆچوونیە وای نەکردووە لەهیچ بڕیارێکی ئیداری و سیاسیی هاوبەش بن لە كەركووك.
ھەر پەیوەست بەوباسەوە، محەمەد جەلیل، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: "پێویستە ژوورێكی ھاوبەش بۆ پاراستنی كەركووك دروست بكرێت، كە چەند ساڵە پێشنیار دەكرێت و ئێستا ھێزێكی لەوشێوە لە كەركووك نییە، ئەو بارودۆخەی لە كەركووك دێتە پێشەوە مەرج نییە راستی بن، رەنگە زۆرجار دروستكراوبن مەرامێكی سیاسی لە پشتەوەبێت".
بۆ هاووڵاتییانی كەركووك، ئەوەی کە گرنگە لەم قۆناخەدا تەنها گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، چونکە ئێستا تەنانەت لەنێو خەڵیکشدا بووەتە قسەیەکی باو دەڵێن، دۆخی ئەمنی کەرکووك بەبێ پێشمەرگە ناپارێزرێت.
بەختیار ستار، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی كەركووكە و پێیوایە: "كاتێك پێشمەرگە لێرەبوو بارودۆخی كەركووك ئارام بوو، ھیوادارین پێشمەرگە بگەڕێتەوە شارەكە و دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە".
ھاووڵاتییەكی دیكەی دانیشتووی كەركووك بەناوی وریا برایم، دەڵێت: "ئەوەی ئێستا لە كەركووك ترسی ھەیە كوردە، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپا بێت لە كەركووك، كورد ترسی نامێنێ، بەڵام تا سوپا بە تەنیا لە شارەكە بێت خەڵك ترسیان لە دۆخەكە ھەیە، وەك خەڵكی كەركووك داوا دەكەین، وەكو ساڵانی پێشتر پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك".