تەعریب دەگاتەوه‌ خانەقین

پێشمەرگە چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆی دەكات

K24 - گەرمیان

دوای تەعریب كردنی کوردەکانی گوڵاڵە و سەعدیە و مەندەلی، ئێستا ھەنگاوەکانی دەرکردن و تیرۆرکردنی کوردانی گوندەکانی دەوروبەری خانەقین دەستیپێکردووە، ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، دوای ئەم ھەنگاوانە گەورەترین مەترسی بۆسەر کوردەکانی سەنتەری خانەقین دروست بووە و ئەوانیش بەدەردی گوڵاڵە و سەعدیە و مەندەلی دەبرێن.

شارەدێیەکانی سەعدیە، مەندەلی و گوڵاڵە و دەیان گوندی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە، كەمترین خێزانی کوردیان تێداماو،ە ئەمەش بەھۆی ھەڕەشەی گرووپە تیرۆرستیەکان و نەپاراستنیان لەلایەن دەزگائەمنییەکانی حکوومەتی عێراق. لە دوای 16 ئۆکتۆبەریشەوە گوندە کوردنشینەکانی دەوروبەری خانەقین کراونەتە ئامانج، بۆ ئەوەی ئەوانیش ناوچەکە چۆڵ بکەن ھەنگاوی دوای ئەوانیش دەرکردنی کوردە لە خانەقین.

حەسەن جیھاد، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "رەنگە بیانەوێت خانەقینیش وەك سەعدیە و گوڵاڵە لێ بكەن، بۆ ئەوەی كوردی تێدا نەمێنێت، لە ھەنگاوی یەكەمیشدا لە گوندەكان دەست پێدەكەن".

جگە لە کوردەکانی ناوچەکە پێکھاتەکانی عەرەبی سوننە و شیعە و تورکمانەکانی ناوچەکە چاویان لەوەیە جارێکی دیكە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە و لە ھەڕەشەی چەكدارەكانی داعش بیان پارێزن. فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن، چاوەڕوانی فەرمانی سەرووی خۆیانن بۆ ئەوەی گەڕانەوەیان بۆ ئەو ناوچانەی كە لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 لێی كشاونەتەوە.

جموور رۆستەم، فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچەكە بە كوردستان24 گوت: "رەوشی ئەمنی ناوچەكە زۆر خراپە، لەبەر ئەوەی ھێزێكی رووخاوی تائیفی لە ناوچە كوردستانییەكان نیشتەجێكراوەو خەڵكیش لەگەڵیان نییە، نەك ھەر كورد عەرەبەكانیش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن".

گوتیشی: "بۆ گەڕانەوەمان بۆ ئەو ناوچانە، چاوەڕێی فەرمانی وەزیری پێشمەرگە دەكەین، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە، چونكە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت".

ھ.م