لە سلێمانی بازاڕی ئاو لە گەرمای ھاوین گەرمتر دەبێت
ئاوفرۆشان فریای دابەشكردنی ئاو ناكەون
K24 - سلێمانی
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی گەرما کێشەی کەم ئاوی لەشاری سلێمانی دروست دەبێت و ھاووڵاتییان ناچار دەبن بە تانکەر ئاو بکڕن، بەرپرسێكیش لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، دووری سەرچاوەی ئاوی سلێمانی کە دەریاچەی دوکانە زۆرجار دەبێتە گرفت، چونکە ھەرکێشەیە لەسەرچاوەکە رووبدات ئەوا ھەشت کاتژمێر پڕ بوونی بۆڕییەکانی پێویستە، ئاو فرۆشەکانیش لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما بازاڕیان گەرمتر دەبێت.
دانا محەمەد، یەكێكە ئاوفرۆشەكانی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لە ساڵی 2008وە ئیشی ئاو فرۆشی دەكەم، بە تانكەر ئاو بۆ ماڵ و دامودەزگا حكوومییەكان دەبەین، لە وەرزی ھاویندا ئیشەكەمان باشە و فریا ناكەوین، چونكە كێشەی بێ ئاوی سەرھەڵدەداتەوە، بەڵام لە وەرزی زستان ئیشمان نابێت یان زۆر كەم دەبێت".
یەكێكی دیكە لە ئاوفرۆشانی سلێمانی بەناوی محهمهد حەسەن، دەڵێت: "حكوومەت شوێن و نرخی بۆ دیاركردووین، نرخی ھەر تانكەرێك ئاو لە 15 تا 20 ھەزار دینارە، ئەو ئاوەی ئێمە دەیھێنین پاكە، بەڵام ھەندێك كەس تانكەرێكیان لەسەر ئۆتۆمبێل بەستووە و دەڵێن ئاوفرۆشین، كەس نازانێت ئەو ئاوە لە كوێ دەھێنن".
لەسلێمانی لەماوەی ھەفتەیەکدا کەمتر لە 6 کاتژمێر ئاو بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت، لەھەندێك گەڕەکیش کەمتر لەو ماوەیە ئاو بەھاووڵاتییان دەگات، بەرپرسانی ئاوی سلێمانیش ھۆکارەکەی بۆ دووری سەرچاوەی ئاوی سلێمانی دەگەڕێننەوە کە دەریاچەی دوکانە.
ئامانج جەلال، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی ئەو بەرنامەیەی كە لە بەشی دابەشكردنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دانراوە، ھەر گەڕەكە و دوو رۆژ ئاوی بۆ ناچێت و لە سێیەم رۆژ ئاویان بۆ بەردەدرێتەوەو زیاتر لە دوو كاتژمێر ئاویان بۆ دەچێت بەبێ جیاوازی".
گوتیشی: "دووری دەریاچەی دوكان لەناو شاری سلێمانی نزیكەی 70 كیلۆمەتر دەبێت، یەك گرفت ھەبێت چەند كاتژمێرێك ئاو دوا دەكەوێت".
ئاوی سلێمانی بەشێکی لە پرۆژەی ئاوی سەرچنار و بەشێکی دیكەی لەھێڵی یەك و دووی ئاوی دوکان دابین دەکرێت، فەرمانگەی ئاوی سلێمانیش دەڵێت، پێویسە ھاووڵاتییان لەم چەند مانگەی وەرزی گەرما زیادەرۆیی نەکەن لەبەکار ھینانی ئاو، چونکە ھێشتا لە سلێمانی بە تەواوی کار بە پێوەری ئاو ناکرێت.
ھ.م