چاكسازییەكەی پەرلەمان و حكوومەت بێ خاوەن دەمێنێتەوە
كەس خۆی ناكاتە خاوەنی چاكسازی
K24 - ھەولێر
لەگەڵ ئەوەی تەمەنی پەرلەمان تەنها چەند مانگێکی ماوە، بەڵام هێشتا پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند نەکراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، پەرلەمان پاشگەز بووەتەوە و نایەوێت پڕۆژەکە پەسەند بکات، لە بەرامبەریشدا سکرتێری پەرلەمان دەڵێت، گەر یاساکە پەسەندیش بکرێت حکوومەت ناتوانێت جێبەجێی بکات.
هەندێ لە پەرلەمانتاران بێئومێد بوون و رایانوایە، لەم خولەی پەرلەماندا بەهۆی موزایەدەوە چاکسازی ناکرێت.
چەند مانگێك لەمەوبەر حکوومەت پرۆژەیەکی دایە پەرلەمان ، لە قۆناغی یەکەمدا پەرلەمان یاساکەی پێباش بوو کەچی دواتر ھەر پەرلەمان بۆ حکوومەتی ناردەوە. راوێژکاری سەرۆکی حکوومەت دەڵێ، پەرلەمان لە قسەی خۆی پەشیمان بووەتەوە.
دڵشاد شەھاب، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەوەی بەلای ئێمەوە جێگای سەرسوڕمانە پەرلەمان خۆی پرۆژەی چاكسازی پەسندكرد و خۆشی پەشیمان بووەوە گوتی گۆڕانكاری تێدا دەكەین، ئێستا بگوترێت كە حكوومەت ئامادە نییە راست نییە، چونكە حكوومەت خۆی دەستپێشخەربووە و ھەنگاوی ھاوبەشی لەگەڵ پەرلەمان گرتووەتەبەر، بۆ ئەوەی كارەكە بەباشی بەڕێوەبچێت".
سکرتێری پەرلەمان پێیوایە کە یاساکە بەو شێوازەی ئێستا گەر پەسەندیش بکرێت ئەوا حکوومەت ناتوانێ جێبەجێی بکات.
بێگەرد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان دەڵێت: "ئیرادەیەكی جدی ھەیە لە پەسندكردنی یاسای چاكسازی، بەڵام یەكەم پڕۆژەكە ھی حكوومەتە و دووم لەبەر ئەوەی رەھەندێكی دارایی ھەیە پەرلەمان ناتوانێت بەبێ رای حكوومەت ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند بكات، چونكە گرنگی لە پەسندكردنی یاساكە جێبەجێكردنیەتی، زۆر بڕیار و یاسای دیكە ھەن لە پەرلەمان پەسندكراون، بەڵام حكوومەت نەچووەتە ژێر باری جێبەجێكردنی".
پەرلەمانتارێکی گۆڕان ئاشكرای دەكات، کە حزبەکانی کوردستان ترسیان لە چاکسازی هەیە. پەروا عەلی، پەرلەمانتاری گۆڕان بە كوردستان24 گوت: "پەسند نەكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی دەگەڕێتەوە بۆ حزبەكان، ھەندێك لە حزبەكان رەنگە نەیانەوێت ئەو یاسایە تێپەڕێت، لەبەر ئەوەی لەبەرژەوەندی ئەندام و ھەوادارانیان ئەوان دەدرێت، لەگەڵ ئەوەش ئێمە وەك فراكسیۆنی گۆڕان تێبینیمان لەسەر ئەو یاسایە ھەیە بەتایبەتی مادەی 3 ، بەڵام ئێمە لەگەڵ چاكسازین. لە ھەمانكاتدا حكوومەت نایەوێت چاكسازی بكات، چونكە ئەگەر چاكسازی بكات بڕی پارەی زۆری دەوێت".
ھەر پەیوەست بەو پرسە، یەروانت نیسان مارکۆس، نوێنەری پێکهاتەی ئەرمەنەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: "بە بڕوای من پڕۆژەی چاكسازی لەم خولەی پەرلەمان پەسند ناكرێت، چونكە زۆر موزایەدەی پێوەكراوە".
ھ.م