ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له‌ سووتان بپارێزه‌

چەند رێنماییەکی گرنگ بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکەت لە وەرزی هاویندا

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئۆتۆمبێلەکانیش دەکەونە مەترسییەوە، بەجۆرێک رەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، تەواوی بزوێنەر و بەشە گرنگەکانی ئۆتۆمبێلەکەت لەدەست بدەیت.

کۆمپانیای ئی شورانسی ئەمەریکی کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوازی دڵنیایی ئۆتۆمبێل، چەند رێنماییەک دەخاتەروو بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکەت لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی (حەماوە).

1- پێویستە هەمیشە بوتڵێکی ئاو و ئەنتی فریزی زیادە لەناو ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت چونکە بزوێنەر گەرمتر دەبێت کاتێک رێژەی ئاو و ئەنتی فریزەکەی کەم دەکات.

2- کاتێک دەبینی حەماوەی ئۆتۆمبێلەکەت بەرزدەبێتەوە، راستەوخۆ ساردکەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بکووژێنەرەوە.

3- ئەگەر هەر کێشەکە بەردەوام بوو، هەوای دەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەت بە تەواوی بکەرەوە، رەنگە گەرمییەکی زۆر بە خۆت ببەخشێت بەڵام سودی بۆ ئۆتۆمبێلەکە دەبێت.

4- خۆ ئەگەر ئەمەش سوودی نەبوو، ئۆتۆمبێلەکەت رابگرە و بیکوژێنەوە. ئەگەر توانیت بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکە بەرزبکەرەوە، بەڵام گەر زانیت بۆنیتەکەش گەرمە کەمێک بوەستە و پاشان بیکەوە.

5- کاتێک بزوێنەرەکە سارد بویەوە، پشکنین بۆ رێژەی ئاوی رادێتەر بکە و تەماشای ژێری ئۆتۆمبێلەکەش بکە رەنگە نیشانەیەکی تکانی ئەو لە رادێتەر ببینی. ئەگەر رادێتەرەکە کێشەی هەبوو،  ئۆتۆمبێلەکەت نیشانی کەسی شارەزا بدە.

چەند رێنماییەک لەسەر ئاوکردنە رادێتەر:

کاتێک رادێتەری ئۆتۆمبێلەکە گەرم بوو، هەرگیز ئاوی ساردی تێمەکە، چونکە بەهۆی گۆڕانی خێرای پلەی گەرمی، بزوێنەرەکە بە تەواوی دەوەستێت و زیانی پێدەگات. کاتێکیش ئاو دەکەیتە ئۆتۆمبێلەکە، بە پەڕۆیەک سەری رادێتەرەکە بکەرەوە و هەوڵبدە دەمووچاوت لێی دوور بێت.

ئەگەر رادێتەری ئۆتۆمبێلەکە ئاوی پێویستی تێدابوو و هێشتا پلەی گەرمی بەرزبێتەوە، ئەوا ئۆتۆمبێلەکەت کێشەی میکانیکی و کارەبایی هەیە.

تێبینی: گرنگە لە وەرزی هاوین ئۆتۆمبێلەکەت داپۆشەری جامی پێشەوە و داشبۆرد (داشبڵ)ـی هەبێت. هەروەها هەوڵبدە ئۆتۆمبێلەکەت لەبەر سێبەر رابگری.