دەنگەكانی سلێمانی بە دەست ھەژمار دەكرێنەوە

لایەنە ناڕازییەكان قایل نابن

K24 - سلێمانی

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگی ناو سندووقە تانە لێداراوەکانی سنووری سلێمانی بەشێوەی دەستی بژمێردرێنەوە، بەڵام لایەنە ناڕازییەکان، دەڵێن گەر تەنھا کۆمەڵێك سندووقی دەنگەکان جیا بکرێنەوە ئەوە ھەڵویستی نوێیان دەبێت و ڕەنگە نوێنەرەکانیان نەنێرن بۆ چاودێری جیاکردنەوەکە.

لەوبارەوە ئەبوبەکر گەڵاڵی، ئەندامی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە لەسەر كۆی گشتی پڕۆسەكە سكاڵامان ھەبوو، ھەروەھا تانەمان لە دوایین بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق داوە، كە تەنھا دەنگی ئەو سندووقانە بە دەست دەژمێرنەوە كە سكاڵایان لەسەرە، بەڵام ھێشتا وەڵامی تانەكەمان نەدراوەتەوە،  ئێمە لە پرۆسەكە ناڕازین، كاتێك كۆمسیۆن وەڵامی تانەكەی داینەوە قسەی خۆمان دەبێت".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێمنەتی خۆی لەجیاکردنەوەی دەنگەکان راگەیاندووە و دەڵێت، لەھەموو ھەڵبژاردنێك لایەنی دۆراو تانە لە دەرئەنجامەکان دەدات، ئەوەش بە کارێکی ئاسایی دەزانێت.

نەجات رۆستی، ئەندامی راگەیاندنی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "ھەر لایەنێك كە دۆڕاندی تانەی دەبێت و دەیەوێت باری لاری خۆی راست بكاتەوە، ئەوەش مافی خۆیانە، بەڵام بەشێوەی یاسایی. ژماردنەوەی كۆی گشتی دەنگەكان مانای دووبارە ئەنجامدا نی ھەڵبژاردن، دووبارەكردنەوەی پرۆسەكەش ئەستەمە".

دوای تانەی لایەنەکان بڕیارە لە لەکۆی 19 پارێزگای عێراق، لە 7 پارێزگا دەنگی سندووقە تانە لێدراوەکان بە دەست بژمێردرێنەوە، بەپێی زانیاریەکانیش لەسنووری سلێمانی لەکۆی 3018 وێستگەی دەنگدان بڕیارە تەنھا لە 485 سندووقی دەنگەکانی بەشێوەی دەست جیابکرێنەوە، ئەوەش لایەنە ناڕازییەکانی ئەوەندەی دیكە لەھەڵبژاردنەکە بێ ئومێدکردووە.

ھ.م